تورکیا 47 هەزار نەمام لە هەرێمی کوردستان دەچێنێت

23-11-2023
پەیمان محەممەد
کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیری کشتوکاڵ و پارێزگاری هەولێر.
کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیری کشتوکاڵ و پارێزگاری هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵمەتێکی چاندنی نەمام لە هەولێرەوە دەستپێدەکات و سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەڵمەتەکە چاندنی 47 هەزار نەمام لەخۆدەگرێت و بە پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا دەکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-11-2023، بڕیارە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی چاندنی نەمام لە  دارستانی کەسنەزانی هەولێرەوە دەستپێبکات و دواتر ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکرێت سەرانسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و 47 هەزار نەمام بچێنرێت.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سەوزکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، زیادکردنی پانتایی سەوزایی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئەم هەڵمەتە دەستپێدەکات.
 
هیوا عەلی گوتی، ''چاندنی ئەم 47 هەزار نەمامە لە هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و دوای سەردانێکی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیایە، داواکرا پاڵپشتیی راستەوخۆی ئێمە بکەن بۆ ئەم بابەتانە و وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیاش بەڵێنی دا بە ناردنی 47 هەزار نەمام هاوکار بێت.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''لە سەردانەکەی بێگەرد تاڵەبانی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا داواکراوە جگە لە پاڵپشتیکردن بۆ چاندنی نەمام، بونیاتنانی ئاو، هێنانەکایەی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی، بەپیشەسازیکردنی بەرهەمەکان و هەوڵدان بۆ لێکتێگەیشتنی ستراتیژیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا پاڵپشتیمان بکەن.''
 
هاوکات لە رێوڕەسمی دەستپێکی هەڵمەتەکەدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''یەکێک لە بنەماکانی دیکە کە بڕیارمان دا لەگەڵ وڵاتی تورکیا هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکدی بکەین بابەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی رووبەڕی سەوزاییە.''
 
وەک وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، قۆناخی یەکەمی هەڵمەتەکە بە گەیشتنی 10 هەزار نەمام لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزانەوە دەستیپێکردووە و دواتر بەپێی پێویست سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و رێژەیەکی ''زۆر زیاتر'' نەمام لە تورکیاوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
 
بەگوتەی هیوا عەلی، وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا سەرجەم نەمامەکان بێبەرامبەر بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و ''دیاریی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا''یە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە.

نوخشە ناسیح: داوا لە خەڵکی سەیدسادق دەکەم رازی ببن شارەکەیان بخرێتە سەر هەڵەبجە

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین پڕۆژە دەکەونە بواری جێبەجێکردن لە هەڵەبجە. دەشڵێت هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی، سیتییەکی مۆدێرن و چەندین پڕۆژەی دیکە لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن. داوا لە وەبەرهێنەران دەکات و دڵنیاییشیان پێدەدات، کە روو بکەنە هەڵەبجە.