رووداو دیجیتاڵ
لە نووسراوێکدا کە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی ئەنجوومەنی راژەی کردووە، داوا دەکات کاری پێویست بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت.
نووسراوەکە بە ژمارە (14245) و واژۆی ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ناونیشانی (بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست) ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتیی راژە کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "هاوپێچ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 264 لە 25-09-2024 دەنێرین بۆتان، تایبەت بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەمیشەیی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە هەرێمی کوردستان. کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ هەرچی زوو گشتاندنی مەرج و پێداویستی و رێکارە یاساییەکانی بەهەمیشەییکردن."
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای ساخبوونەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بەهەمیشەییبوون بە گوێرەی مەرجەکان، "ئەو کات وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی لیستی مووچەی وەزارەت و لایەنی تایبەتمەند ئامادە بکات و رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان وەک فەرمانبەری هەمیشەیی."
19ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دا.
بەگوێرەی ئەنجوومەنی وەزیران، "تێچووی دارایی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەگوێرەی ئەم بڕیارە، لە هەمان تەرخانکراوی ئێستایان دەبێت کە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا پەسندکراوە، وەک تەرخانکراوی دارایی میلاکی فەرمانبەری گرێبەست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ