نێچیرڤان بارزانی و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا جەخت لە هاوئاهەنگیی ئەمنی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەنەوە

23-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا بە ئامانجگرتنی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوئاهەنگیی ئەمنیی هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مارك سترۆ، كۆنسوڵى گشتيى ئه‌مريكا له‌ هەولێر نیگەرانیی خۆیان لە "ئەگەری مەترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی لە رۆژهەڵاتیی نێوەڕاست پێشانداوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی کردووە. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، لە دیدارەکەدا چەند پرسێکی دیکە، کە جێی بایەخی هەردوولا بوون، تاوتوێ کران.

 

 
رۆژی 7ـی تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی لە دژی ئیسرائیل ئەنجامدا؛ دواتر ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەرتی غەززە و گەمارۆخستنە سەر کەرتەکە وەڵامی هێرشەکەی حەماسی دایەوە و تاوەکو ئێستاش شەڕی هەردوولا بەردەوامە.
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل و بەدیاریکراوی لە رۆژی 18ـی مانگەوە، چەند جارێک بە مووشەک و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانى عەین ئەسەد لە ئەنبار، ڤیکتۆرى لە بەغدا؛ هەروەها جارێکیش هێرشکرایە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر کە بنکەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژ بە داعشە.
 
هەر ئەمڕۆ لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى ھێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاى هێزەکانى سەر بە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دژی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر ئەو بنکە عێراقییانەى راوێژکارانى هاوپەیمانیى نێودەڵەتى لێیە و ئەوان، لەسەر داواى فەرمى حکومەت لە عێراقن، بۆ پاڵپشتیکردنى هێزە ئەمنییەکان لە بواری مەشقپێکردن، ئامادەکردن و راوێژدانەوە.  
 
ئەو پەرەسەندنانە وایان کردووە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا جەخت بکەنەوە لەوەی؛ چاوەڕێ دەکەن، جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، فراوانتر بێت و ناوچەکە بگرێتەوە، ئەمەش لە رێگەی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، هۆشداریشیان دایە بەرپرسانی تاران، ئیدارەی بایدن ئامادەی هەموو وەڵامێکە لە ئەگەری بەئامانجگرتنی هەر هاووڵاتییەک یان هێزێکی ئەمریکی.
 
رۆژی یەکشەممە 22-10-2023، ئەمریکا رایگەیاند، داوایان لە تەواوی ستافە ناپێویست و خێزانەکانیان لە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و هەروەها کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن. دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە، جارێکی دیکە، بنکەی عەین ئەسەد کرایە ئامانج، کە دواتر فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم"، لە راگەیێندراوێکدا، رەتیکردەوە لەو هێرشەدا هیچ سەربازێکیان زیانی پێگەیشتبێت.
 
دوای ئەو هێرشانە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، رایگەیاند ئەگەری زۆرە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر بێت و گوتیشی "هیچ کەسێک نایەوێت بەرەی دووەم و سێیەم لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دروست بێت."

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.