کوردستان
دوو دەنگدەر لەکاتی چوون بۆ بنکەیەکی دەنگدان لە هەڵبژاردنی رابردوو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا چەند رێنوێنییەکی بۆ حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان بڵاوکردەوە، کە پابەندیان دەکات بە جێبەجێکردنیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
رێنوێنییەکە بە نووسراوی ژمارە 949 بەناوی (رێنوێنیی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن) نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، رێنوێنییەکان "لەپێناو پاراستنی شوێنی گشتی و راگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكانە."
رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمانەن:
- رێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
- رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ راگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی دیکەی بانگەشە.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل، كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ.
- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكاربهێندرێن.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەك مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە... هتد.
- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرەڕای ئەو خاڵانە، دەتوانێت رێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە رێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. تاوەکو ئەمڕۆش بە فەرمی رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ