لە 10 ساڵدا ماسی لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان 35% ‏كەمیان كردووە‏

23-07-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی دەڵێت، لە ‏‏10 ساڵدا ‏ماسیی سرووشتیی نێو دەریاچەكانی دووكان ‌و دەربەندیخان بە رێژەی 35% ‏كەمیان كردووە. هۆكارەكەشی بۆ زۆریی راوكردن ‏گەڕاندەوە ‌و گوتی، ‏‏"تاوەكو مانگی 10 بەنیازی ‏هەرزانبوونی نرخی ماسی نەبن".‏
 
سەڵاح مەجید، سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی ‌كە ‏هاوكات ‏‏سەرۆكی ‏لیژنەی مۆڵەتی پڕۆژەكانی ماسییە لە هۆبەی ‏سامانی ماسیی ‏سلێمانی، لە میانی بەشداریكردنی پۆدكاستی ‏‏(بەكاتی سلێمانی)ـی رادیۆی رووداو كە ئاسۆ ‏سەراوی پێشكێشی دەكات، رایگەیاند: ‏ماسیی كوردستان كڕیارێكی زۆری هەیە ‏بەتایبەت دوای تێكدانی ‏بەشی هەرە زۆری حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی لە ‏كەركووک ، ‏نێوەڕاست ‌و خواری عێراق.
 
دەشڵێت، لە سنووری كەركووک ‏‏2500 ‏حەوزی ماسی ‌و لە نێوەڕاست‌ و خواری عێراقیش نزیكەی ‏‏4000 حەوزی ماسی ‏بە پاساوی كەمبوونەوەی ئاو تێكدراون، بۆیە ‏ماسی لە عێراق زۆر كەمبووەتەوە ‏‌و گوشار لەسەر ماسیی كوردستان ‏دروستبووە.‏
 
سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی گوتی، ‏‏12 ساڵە نرخی ماسی هێندەی ئێستا گران بووە: "ماسی بە ‏نرخی كۆ بۆ هەر كیلۆیەل نۆ هەزار دینارە. ‏تاوەكو سەرەتای مانگی 10 لەم ‏نرخەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر ‏بەهۆی پێگەیشتنی ماسی لە حەوزەكانی ‏كوردستان، هەنگاو بە ‏هەنگاو نرخەكە دادەبەزێتەوە بۆ شەش هەزار دینار".‏
 
بۆ بەخێوكردنی ماسی چەندین جۆری حەوز هەن. حەوزی ‏هەڵواسراو، حەوزی ‏ئاوی سارد ‌و حەوزی گڵین ‌و حەوزی ‏داخراو. سەڵاح مەجید دەڵێت: "99% ‏حەوزەكانی بەخێوكردنی ‏ماسیی كوردستان گڵین ‌و لەو حەوزانەشدا لە ‏ساڵێكدا یەك جار ‏ماسی پێدەگات، بەڵام ئەگەر حەوزەكا بكرێنە حەوزی ‏داخراو ‏ئەو كاتە دەبێتە پڕۆژە‌ و ساڵانە چەند جارێك دەتوانین ‏بەرهەمی ‏ماسیمان هەبێت تاوەكو ئەوە نەكرێت نرخی ماسی ‏دانابەزێ‌".‏
 
سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی ئەوەشی خستەڕوو، ‏زۆربەی ‏حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی مۆڵەتیان نییە ‌و لەژێر ‏چاودێریی حكومەت ‏كار ناكەن بە نموونەش گوتی: "لە 4500 ‏حەوزی بەخێوكردنی ماسیی ‏هەرێمی كوردستان تەنیا 415یان ‏مۆڵەتی فەرمییان هەیە".‏
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا، سەڵاح مەجید ئەوەشی ئاشكرا كرد، ‏سامانی ماسی لە هەردوو دەریاچەی دووكان ‌و دەربەندیخان ‏بەڕێژەیەكی ‏بەرچاو كەمی كردووە: "بەپێی بەدواداچوونێكی ‏رێكخراوەكەمان لە ‏‏2013بۆ 2023 واتە لە ماوەی ئەو 10ساڵەدا ‏ماسی لە ئاوی دووكان ‏بەڕێژەی 40%‌ و لە ئاوی دەربەندیخانیش ‏بەڕێژە 35% كەمی كردووە".‏
 
ئەو بەرپرسەی سامانی ماسی باسی لەوەش ‏كرد، ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی ‏پڕۆژەی ‏هەڵهێنەری پەنجە ‏ماسیی ‏دووكان تەرخان كردووە كە لە ‏‏2017ـەوە ئەو ‏پڕۆژەیە كارەكانی وەستاوە‌: "بڕی 55 ملیۆن ‏دینار بۆ ‏نۆژەنكردنەوەكە تەرخان كراوە، ئەگەر بكەوێتە كار توانای ‏بەرهەمهێنانی ‏‏500هەزار پەنجە ماسی دەبێت، ئەوەش كارێكی ‏زۆر باشە و كاریگەری دەبێت ‏لەسەر بووژانەوەی  سامانی ماسی لە ‏هەرێمی كوردستان".‏

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە