رووداو- هەولێر
ناوچەی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل جمەی دێت لە کڕیار و فرۆشیار ، لە دوای نیوەڕۆی هەموو رۆژێک پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر پڕدەبن لە کڕیار و فرۆشیار و جوڵەی مرۆڤیش لە شەقامی پیشانگەکان ئەستەم دەبێت.
خاوەن پێشانگاکان و خەڵک داوا دەکەن بنکەی بەرگری شارستانی و پۆلیس لەو شوێنە دابندرێت، چونکە لە کاتی قەرەباڵخیدا هیچ ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن یان پۆلیس ناتوانێت بگاتە جەرگەی پیشانگاکان.
پێشانگای ئۆتۆمبێل لە هەولێر، جمەی دێ لە کڕیار و فرۆشیار ، ئەوەندە ئۆتۆمبێل هێنراونەتە ئێرە، پێشانگاکان توانای لەخۆگرتنیان نەماوە و فرۆشیارەکان ناچاربوون ئۆتۆمبێلەکانیان، لەسەر شەقامە سەرەکییەکان نمایش بکەن، سەرەڕای نیگەرانی فرۆشیاران، گرفت بۆ هاتووچۆش دروستبووە.
نەهرۆ نەجات ، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا ئەگەر رووداوێک شەڕێک بێت ، ئاگرێک بێت ، بەخوا هیچ چارەسەرێک نیە بۆ گەیشتن بە شوێنەکە بە هۆی جەنجاڵییەوە ، هەردوو سایدی نێو پێشانگاکان گیراون".
بەهۆی نەبوونی رێگای دەرچوون ، هەر ئۆتۆمبێلێک لە نێو پێشانگا لەکار بکەوێت، دەبێت خاوەنەکەی تاوەکو نیوەشەو بەدیار ئۆتۆمبێلەکەیەوە دابنیشێت و چاککردنەوەشی بخاتە رۆژانی دواتر.
داستان محەممەد، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێرێکە لیرە وەستاوم ، فیولپەمپی ئوتومبێلەکەم لەکارکەوتووە ، تا ئێوارە دەبێت چاوەڕێ بکەم و لێرەبم".
هەروەها سروود بەکر ، خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل بە رووداوی راگەیاند: "ئەو شەقامە 25 تا 30 مەترە ، تەنها 2 مەتر مەجال ماوەتەوە کە ئۆتۆمبێلێک پێیدا بڕوات ، ئۆتۆمبێلی بەرامبەری ناتوانێت دەربازی بێت ، هەرکەسێک بێتە ناو پێشانگاکان ناتوانێت تا ئاسمان تاریکدادێت بچێتەوە ماڵەوە".
ئەو قەرەباڵخییە و نەمانی هاتووچۆ و نەبوونی ئاگرکوژێنەوە لەنێو سندووقی زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان ترسی لای خاوەن پێشانگاکان دروستکردووە. لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوەیەکدا رەنگە دەیان ئۆتۆمبێل بسووتێن، سەرەڕای ئەمەش کڕیار و فرۆشیاران پێشانگاکان بە زیندان دەچوێنن، چونکە چوونە ژوورەوە تاڕادەیەک ئاسان و دەرچوون تێیدا زەحمەتە.
رۆستەم حەسەن، خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێل بە رووداوی راگەیاند: "ئیستا ئاگرێک بکەوێتەوە ، هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەسووتێت ، رێگای گەیشتنی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە نییە ، ناڕێکی هاتووچۆ کێشەیەکی زۆر گەورەیە ، بۆیە پێویستە بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوە لە پێشانگاکان هەبێت".
پێشانگاکان هێندە زۆرن ناوچەیەکی فروانیان داگیرکردووە، بەڵام هیچ بنکەیەکی پۆلیس و بەرگری شارستانی تێدا نابینرێت، بۆ ئەوەی کەمێک کاریان ئاسان بێت و مەترسییەکانیان کەمتربێتەوە، خاوەن پێشانگاکان داوای بنکەیەکی بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتووچۆ دەکەن.
لە شاری هەولێر زیاتر لە 170 پێشانگا و کۆمپانیای ئۆتۆمبێل هەن کە زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبێل تێیاندا نمایش کراون.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ