کوردستان

حاجییەک لە حەج بەهۆی گەرماوە ماندوو بووە و لەلایەن حاجییانی دیکەوە هاوکاری دەکرێت. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داوامان لە باڵیۆزی سعودیە کردووە رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ حاجیانی عێراق نەکات.
یەکشەممە 23-06-2024، غەریب ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی حاجیان لە سعودیە گەرما بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، تاوەکو ئەمڕۆ 26 حاجیی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، جگە لەمەش دوای نیوەڕۆی دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەیان لە حەج، لە رووداوێکی هاتووچۆدا چوار حاجیی خەڵکی سلێمانی لە رومادی گیانیان لەدەستدا.
زۆربەی ئەو حاجیانەی گیانیان لەدەستداوە ئەوانەن کە بە ڤیزەی گەشتیاری سەردانی سعودیەیان کردووە، غەریب ئەحمەد گوتی: ''ئەوان سەرەڕای گەرما و قەرەباڵخییەکی زۆر، خەو، خواردن و مانەوەیان ئاسایی نەبووە.''
بە گوتەی غەریب ئەحمەد، زۆربەی ئەو حاجیانەی بە ڤیزەی ساڵانە چوون، لە رۆژی عەرەفەدا کە نەیانتوانیوە وەکو حاجییەکانی دیکە ئۆتۆمبێل دابین بکەن، بەپێ رێگەیان بڕیوە کە ''ئەگەر بە پێ لە مەککەوە بچیت بۆ دەشتی عەرەفە، سێ بۆ شەش کاژێر دەخایێنێت و لەو گەرمایەدا کارەساتی لێدەکەوێتەوە.''
سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە دەشتی عەرەفە، هەر کاروانێک خێوەتی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئاو، خواردن و سپلیتی تێدایە ''بەڵام بۆ ئەو حاجیانەی کە لە رێگەی تیروپشکی وەزارەتی ئەوقاف و دەستەی باڵای حەج و عومرەوە نەهاتوون، دۆخەکە جیاوازە و بۆ خۆپاراستن تەنیا تەرکیزیان لەسەر چەترێک یان نسێی دارێکە.''
مەزەندە دەکرێت تەنیا لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار کەس بە ڤیزەی گەشتیاری حەجیان کردبێت، بەڵام گرفتێکی زۆریان لەلایەن حکومەتی سعودیەوە بۆ دروستکرا. سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ''دەمانبینی هێزە ئەمنییەکانی سعودیە شوێن بە شوێن بەدوای ئەو حاجیانەدا دەگەڕێن، لە هۆتێلەکاندا دەرگەی ژوورەکانیان دەشکاندن و دەیانهێنانە دەرەوە، تائێستا شتی وا لە مەککە نەبینراوە کە بەو شێوەیە مامەڵە بکرێت.''
لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی پەرلەمانی عێراق، نامەیەکی سەبارەت بە چۆنیێتیی مامەڵەی سعودیە لەگەڵ ئەو حاجیانە ئاراستەی عەبدولعەزیز ئەلشەمەری، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق کردووە کە تێیدا داوا کراوە، ''رۆڵی خۆی ببینێت بۆ ئەوەی سعودیە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی ئێمە نەکات.''
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی: ''بێگومان ئەوان [سعودیە] ئاگادارن کە خەڵک چۆن دێتە نێو وڵاتەکەیان، لە ماوەی مانگێکدا خەڵک بە لێشاو روو لە سعودیە دەکەن و ئاگادارن کە مەبەستی گەشتیاری و بازرگانییان نییە، بەڵکو بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەچن، دەبووایە سەرەتا رێگرییان لە هاتنی ئەو خەڵکە کردبووایە، نەک دواتر لەو گەرمایەدا ئەو راوەدوونانە تووشی خەڵک بکەن''.
هەندێک لە حاجیان دەڵێن ئەو شوێنانەی کە لە حەج بۆیان دابینکراوە لە ئاست ئەو پارەیەدا نییە کە لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەوە لێیان وەرگیراوە؛ غەریب ئەحمەد لەوبارەوە گوتی: ''قەرەباڵخیی ئەم ساڵ زۆر نائاسایی بوو، هەر هاووڵاتیی ئێمە نەبوو کە لە دەرەوەی تیروپشک چووبوونە حەج، بەڵکو وڵاتانی دیکەش ئەم حاڵەتەیان هەبوو کە حاجی بە ڤیزەی ساڵانە هاتبوون، ئەگەرنا مەسەلەی شوێنی مانەوە و خواردن تاڕادەیەک باش بوو.''
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارەیەک حاجیی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سعودیە دەستگیرکراون یان بێسەروشوێنن. بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی وڵاتەکە بەڵێنییان داوە، بەر لە کۆتاییهاتنی حەج و گەڕانەوەی حاجیان، هەر هاووڵاتی یان هاونیشتمانییەک لەوێ دەستگیرکرابێت، ئازاد بکرێت و بگاتەوە زێدی خۆی.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق بڕێکی پارە بە دیاری داوەتە ئەو حاجیانەی کە بە تیروپشک ناویان بۆ حەجکردن دەرچووبوو، حاجیانی هەرێمی کوردستانیش گلەیی ئەوە دەکەن کە بۆچی ئەم دیارییە ئەوانی نەگرتووەتەوە؛ غەریب ئەحمەد لەوبارەوە دەڵێت، ''750 ریاڵ [سعودی] دراوەتەوە بە حاجیانی 15 پارێزگای عێراق، کە نزیک بە 200 دۆلار دەکات، گلەیی حاجیانمان بە دەستەی حەج و عومەرەی عێراق گەیاندووە و ئەوان دەڵێن، لەو پارەیەی کە داهاتمانە و لە حاجیانی عێراق وەردەگیرێت دووبارە داومانەتەوە بە حاجیان، ناتوانین پارە لە عومرەکاری پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق وەربگرین و بیدەینە ئێوە، ئێوەش دەکرێ وەزارەتی ئەوقافی خۆتان لە داهاتی خۆی پارە بداتەوە حاجیان.''
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 3 هەزار و 225 کەسیان بە رێگەی ئاسمانی چوونە ئەو وڵاتە. کە بە رێگەی ئاسمانی تێچووەکەی شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ