وەزیری پەروەردە: رێکاری تووند لەدژی ئەوانە دەگرینەبەر کە ئامێری ئەلیکترۆنی دەبەنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە

23-06-2024
پەیمان محەممەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیری پەروەردە
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیری پەروەردە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەکانییەوە دەستیان پێکرد. وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو قوتابیانە دەگیرێتەبەر، کە ئامێری ئەلیکترۆنی دەبەنە نێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
 
لە تاقیکردنەوەکاندا کە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-06-2024) دەستیانپێکرد، 122 هەزار و 15 قوتابی بەشدار دەبن، لەوانە 86 هەزار و 307 قوتابی لە بەشی زانستی، 33 هەزار و 195 قوتابی لە بەشی وێژەیی و 2513 قوتابیش لە بەشی پیشەیی.
 
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان سەردانی یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە هەولێر کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''پرسیارەکان بە هاوئاهەنگیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرەبەیان دەگەنە پارێزگاکان، بۆیە ئێستا بابەتی دزەپێکردنی پرسیارەکان بەر لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوە، لە ئارادا نەماوە.''
 
ساڵانە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە بۆ فرۆشتنی ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ تاقیکردنەوە دەکرێت. ئالان حەمەسەعید گوتی: ''ئێمە لە هیچ کەسێک خۆش نابین کە یاری بە هەستی قوتابیان دەکات و هەڵیاندەخەڵەتێنێت.''
 
بەگوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن تیمێکی چاودێری، تەواوی زانیاری و ژمارە مۆبایلی ئەو کەسانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ئامێری ئەلیکترۆنی بە قوتابیان دەفرۆشن، دراوەتە ئاسایش و وەزارەتیش بە فەرمی سکاڵای یاسایی لەدژیان تۆمار کردووە.
 
ئالان حەمە سەعید گوتی ''چەندین باندی فرۆشتنی ئەو ئامێرانە دەستگیرکراون، هەندێک لە ئەندامانی ئەو باندانە سزای سێ ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرچووە.''
 
13ـی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پێش چوونە هۆڵی تاقیکردنەوە، پشکنین بۆ هەموو قوتابیان دەکرێت و هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و زیرەک رێگەپێنەدراوە."
 
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتیشی ''رێنمایی هەیە بۆ پشکنینی قوتابیان، نووسراوم بۆ هەر دوو هەزار و 115 بەڕێوەبەری هۆڵی تاقیکردنەوەکان ناردووە، کە پێویستە سەرجەم قوتابیان بپشکنرێن و رێگە نەدرێت ئامێری زیرەک ببرێتە ژوورەوە، چونکە هەر شتێک لە نێو هۆڵەکەی ئەواندا رووبدات، ئێمە دەیزانین.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی کشتوکاڵ نرخی بنەتۆوی پاڵپشتیکراوی بڵاوکردەوە

وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، ئەم ساڵ تۆنێک بنەتۆوی باوەڕپێکراو بە نرخی پاڵپشتیکراوی 450 هەزار دینار و تۆنێک بنەتۆوی تۆمارکراویش بە 490 هەزار دینار دەفرۆشرێتەوە بە جووتیاران. گوتیشی، ''بنەتۆوەکە بەرهەمی خۆمانە و بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێت.''