رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی وەڕگەرانی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە گەڕەکێکی شاری کرماشان و گڕگرتنی، شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، سەعید قادری، بەڕێوەبەری ئاگرکوژینەوەی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 04:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەرەکی زەفەری شاری کرماشان بووە.
سەعید قادری گوتی، تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە رێرەوە دەرچووە، وەرگەڕاوە و بە خێرایی گڕیگرتووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاگرکوژینەوەی کرماشان، بەهۆی بڵاوبوونی سووتەمەنیی نێو تانکەرەکە لە سەر زەوی، ئاگرەکە بەرەو چەندین ماڵ و دووکان تەشەنەی کردووە و تیمەکانیان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، چەندین ماڵیان لە نزیک شوێنی رووداوەکە چۆڵکردووە.
بەڕێوەبەری ئاگرکوژینەوەی کرماشان هەروەها دەڵێت، لە رووداوەکەدا شۆفێری تانکەرەکە گیانی لەدەستداوە و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش 11 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژینەوەیان ناردووە.
ئەمە سێیەمین رووداوە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لەنێو شاری کرماشان روودەدات. لە رووداوی یەکەمدا، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە نزیک گۆڕەپانی وەزیری لەنێو شاری کرماشان، باڵەخانەیەک رووخا و بەهۆیەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا. لە رووداوێکی دیکەدا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی دەوڵەت ئاوا، دوو هاونیشتمانی بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ