رووداو دیجیتاڵ
مام عەلی خەڵکی گوندی پەلکانەی سنووری سەرگەڕانە و لەگەڵ سیان لە کوڕەکانی شەش جار لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لەسەر کێڵانی زەوییەکەی دەستگیرکراوە، بەڵام ئامادەنەبووە دەستبەرداری زەوییەکەی ببێت و گوندەکەی جێبهێڵێت.
عەلی رەحمان، کە دانیشتوویەکی پەلکانەیە بە رووداوی گوت: دێینە سەر زەوییەکانمان بەسەرماندا دەدەن، ئاودان دەکەین دەگەنە سەرمان، تۆو دەکەین رێگریمان لێدەکەن و لە رێگریدا هیچ درێخییان نەکردووە. من جەڵتە لێیداوم و سێ دەماری دڵم گیراوە و ئەگەر سێ دەماری دیکەشم بگرێت ئەم خاکە جێناهێڵم، خۆم بە قوربانی ئەم خاکە دەکەم و من لەسەر ئەم خاکە ژیاوم و دەبێت لەسەر ئەم خاکەش بمرم.
گوندی پەلکانە کە مەترسییەکی گەورەی تەعریبی لەسەر بوو دوو رۆژە دۆخێکی ئارامی هەیە و نزیکبوونەوەی پێشمەرگە لە گوندەکە جووتیارانی کوردی گەڕاندووەتەوە سەر زەوییەکانیان.
ئارام حەسەن، دانیشتوویەکی پەلکانەیە و دەڵێت: حەشد و سوپای عێراقیش هەر ئەوەندە هەواڵی جووڵەی پێشمەرگە و هاتنە سەرهێڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بیست بڵاوەیان لێکرد و دۆخەکە ئارام بووەتەوە.
ئەیاد ئەسکەندەر، دانیشتوویەکی دیکەی پەلکانەیە و گوتی: کاتێک پێشمەرگە نزیکبووەتەوە لە گوندەکەی ئێمە من وا هەست دەکەم ئەمڕۆ لە دایکبووم، زۆر دڵخۆشین بە هاتنە سەرهێڵی پێشمەرگە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگەی دڵخۆشییە بۆ خەڵکی سەرگەڕان و کەندیناوە.
دوای جووڵەی پێشمەرگە بۆ نزیک گوندی پەلکانە بەغدا لەگەڵ هەولێر هاتووەتە سەرهێڵ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یەکجاریی و کۆتاییهێنان بە تەعریبکردنی گوندەکانی سنووری سەرگەڕان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: هەنگاوەکان ئێستا جیدیتر و هەمەلایەنەترن بۆ ئەم بابەتە و ئێمە لەگەڵ هەموو کەناڵەکانی حکومەت قسەمان کردووە و ئەمەش خاڵێکی بەهێزە و هەندێک ئاماژەش دەبینین کە بەهۆی ئەم رووداوانەوە باشتر لە کێشەکانی رابردوو هاتوونەتە سەرهێڵ.
عەرەبی هاوردە لە سنووری سەرگەڕان پشت ئەستوور بە سوپای عێراق رێگەیان بە جووتیارانی کورد نەدەدا کاری کشتوکاڵ بکەن و زۆرجار ئاو و کارەبایان لەسەر دەکوژاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ