رووداو دیجیتاڵ
لە شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر زیاتر لە 4 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا؛ جێگری فەرماندەی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، کەسێکی پەیوەندیدار بەو بابەتە دەستگیرکراوە.
محەممەد محەممەدی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی شاری قوروە رایگەیاند، دوێنێ (شەممە، 22-03-2025) لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، هەڵمەتێکیان بۆ پشکنینی شوێنە گشتییەکان و کۆنترۆڵکردنی رێگەوبان دەستپێکردووە.
بەگوتەی محەممەد محەممەدی زانیاریی وردیان لەسەر ئۆتۆمبێلێک بەدەستهێناوە و لەکاتی راگرتن و پشکنینی، دەستیان بەسەر 4.4 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گرتووە.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی شاری قوروە ئاماژەی بەوە کرد، کەسێکی پەیوەندیدار بە دۆسیەکە دەستگیرکراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە.
شاری قوروە لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سنە هەڵکەوتووە و بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ چەند شارێکی پارێزگەکانی کرماشان و هەمەدان، زۆرجار وەکو ترانزێت بۆ مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت.
16ـی ئاداری 2025، سیروس یاری، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای سنە رایگەیاند: "لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا دەست بەسەر هەزار و 120 کیلۆگرام مادەی هوشبەردا گیراوە و 605 کەسی پەیوەندیداریش بەو بابەتە دەستگیرکراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ