نرخی ماسی بەرزبووەوە و کیلۆی 9 هەزار دینارە

23-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، نرخی کیلۆیەک ماسی دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە. سەپەرشتیاری بەخێوکردنی ماسی لە حەوزەکانی سنووری کۆیە و تەقتەق دەڵێت: "ماسی کەمە و خواستی زۆری لەسەرە بۆیە نرخ بەرزبووەتەوە."
 
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار تۆن ماسی لە نێوخۆدا بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا خواستی ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە و ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت.
 
بەشێکی سەرەکیی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان، دەکەونە سنووری کۆیە و تەقتەقەوە. هاوکار جەعفەر، سەپەرشتیاری بەخێوکردنی ماسی لە حەوزەکانی ئەو سنوورەکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە حەوزەکاندا کۆ کیلۆیەک ماسی زیندوو بە 8 هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت و بە نزیکە 9 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان."
 
پێشتر لە حەوزەکاندا کیلۆیەک ماسی شەش هەزار و 200 دینار بوو، لە بازاڕەکانیشدا حەوت هەزار دینار.
 
هاوکار جەعەفەر گوتی، زۆرینەی حەوزەکان ماسییان نەماوە و فرۆشتوویانە، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخە.
 
لە هەرێمی کوردستان تەنیا 413 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی مۆڵەتی فەرمیی کارکردنیان هەیە، لەکاتێکدا بەگوتەی هاوکار جەعفەر، تەنیا لە کۆیە و تەقتەق نزیکەی چوار هەزار حەوزی ماسی هەن.
 
هاوکار جەعفەر ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێدانی ئالیکی ماسی یان پێداویستی دیکە هاوکاری خاوەن حەوزەکانی کردووە، بەڵام چەند ساڵێکە هاوکاری نەماوە، بۆیە خەڵکیش داوای مۆڵەت ناکەن و خۆیان بەدوور دەگرن لە رسوومات و چاودێری لیژنەکان بەبێ ئەوەی سوودیان پێبگات.
 
ئەو 413 پرۆژەیەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە 3315 تۆن ماسی.
 
جگە لەو بەرهەمانەی لە حەوزەکاندا هەن، لە چەم و رووبارەکانیشدا ساڵانە سەتان تۆن ماسی راودەکرێن، بەڵام هیچ ئامارێکی دروستی بڕەکە بەردەست نییە.
 
ساڵانە لە کاتی دانانی گەرای ماسیدا، راو قەدەخە دەکرێت. ئەم ساڵ لە 5ـی ئەم مانگەوە راو کە قەدەخە کراوە تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت. هاوکار جەعفەر گوتی: "قەدەخەی راوەماسی کاریگەری لەسەر نرخ نابێت، چونکە ئەوەی راودەکرێت زۆر کەمە".
 
لە هەرێمی کوردستان دوو پڕۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن. یەکێک لە پڕۆژەکان لە شاری هەولێرە و حکومییە و ساڵانە 800 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دەهێنێت و بەشێکی بۆ بەنداوەکانە و بەشێکیشی بە رێژەی 25%ی پاڵپشتیکردن دەدەنە خاوەن پڕۆژەکان. پڕۆژەکەی دیکەش تایبەتە و ساڵانە یەک ملیۆن پەنجەماسی بەرهەم دەهێنێت.
 
جگە لەو پرۆژانەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێداون و ئەوانەشی بێ مۆڵەتن، کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش هەن لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە.
 
بەرهەمی نێوخۆی ماسی کەمە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییەی دروست دەبێت لە وڵاتانی تورکیا، ئێران و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقەوە هاوردە دەکرێن. هەروەها ماسی بەستووش لە چەند وڵاتێکی دیکەوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''