رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی رایدەگەیێنێت، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی چەند مادەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێ باشە، جگە لە بابەتی کورسیی کۆتاکان نەبێت.
خەلیل ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و گوتەبێژی حیزبەکە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و لادانی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان قسەی کرد.
وەکو خەلیل ئیبراهیم باسی دەکات، سەرجەم خاڵەکانی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە دڵی ئەوان بوون، "جگە لە لادانی کورسیی کۆتا؛ ئەمە نە داوای ئێمە بوو و نە پڕۆژەی ئێمە.''
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەم کردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 کەمتربن.
خەلیل ئیبراهیم گوتی، بابەتی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بە باشی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، ''بەڵام، دەبوو کێشەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن خۆمانەوە چارەسەر کرابا و نەکەوتبایە دەستی دادگەی فیدراڵی یان هەر لایەنێکی دیکە'.'
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بڕیارێکی باشە و لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان و دیموکراسییە، ''ئێستا گرنگترین بابەت بۆ ئێمە ئەوەیە کە هەڵبژاردن بکرێت.''
یەکگرتووی ئیسلامی لە خولی رابردووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێنج کورسیی بەدەستهێنا. خەلیل ئیبراهیم پێشبینی دەکات، بۆ خولی شەشەم، کورسییەکانیان زیاتر بێت، و دەڵێت: "لانیکەم دەگاتە 10 کورسی."
سکاڵاکەی کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەر دا، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کرابوو.
لە سکاڵاکەدا داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەبوو.
بەپێی بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵیى عێراق، لیستى تاکە کەسی دەتوانێت بەشداربێت لە هەڵبژاردن، 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان نامێنێت و ئەو 100 کورسییەی دیکەش بەسەر چوار پارێزگادا دابەش دەکرێن، دەنگدەریش بە کارتى بایۆمەترى دەنگ دەدات، بەڵام دیارنییە چارەنووسى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان چى دەبێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە، پێکهاتەکان ئازادن خۆیان بڕیار بدەن کە بە لیستی خۆیان، بەشێوەی پێکهێنانی هاوپەیمانی یان لەسەر لیستی لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەشداری هەڵبژاردن دەبن: ''ئێمە کراوەین و داوای ئێمەش ئەوەیە کە هەموو حیزبەکان بە سنگێکی فراوانەوە جێگەی پێکهاتەکان بکەنەوە.''
لەبارەی ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە خەلیل ئیبراهیم گوتی، ''تاوەکو ئێستا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەزموونی هاوپەیمانیمان لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان هەیە، ئێستاش دانوستاندنێکی سەرەتایی دەستپێکراوە بۆ ئەوەی بەرەیەکی ناڕازی دروست بکرێت کە بتوانین لەسەر سیاسەتێکی هاوبەش و بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی هاوبەش کۆببینەوە.''
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتوو گوتی، لە ئەگەری پێکهێنانی ئەو بەرەیە لە لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، هەر لایەنێک لیستی خۆی دەبێت، بەڵام لە پەرلەمان بە شێوەی هاوبەش یان یەک فراکسیۆن، سیاسەتێکی یەکگرتوویان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، باس لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکرێت و دەڵێت، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردن.
خەلیل ئیبراهیم لەوبارەوە دەڵێت: ''بۆ ئەم خولە بەمشێوەیە دەبێت، بەڵام ئەگەر پەرلەمان کارا کرایەوە، دەتوانێت کۆمیسیۆنی خۆی کارا بکاتەوە، رەوایی پێ بداتەوە و ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیاران پێکبهێنرێت."
دادگەی فیدراڵیی عێراق نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشی بە نادەستووری ناوبردووە و چارەنووسی مووچەی بەستووەتەوە بە پابەندییە داراییەکان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتوو بڕیارەکە بە باش دەزانێت و پێیوایە: ''ئەمە هیچ پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و بە دادپەروەری، حوکمڕانیی دروست و یەکڕیزیش بەهێز دەبێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ