رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پێشووی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر یەکێتی لەگەڵ مافی پێکهاتەکانە، با دووبارە 5٪ـی کورسییەکان بدرێتەوە تورکمانەکان. چونکە ئەوان نوێنەری راستەقینەن.
رۆژی هەیینی 23-02-2024، ئازاد ئەکرەم کورەچی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی لیستی میللەت، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ژیار حەکیم پێشکێشیکرد، لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و لادانی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ''بڕیارەکە سیاسییە و تەنیا ویستیان ئەم 11 کورسییە نەمێنێت.''
ئازاد ئەکرەم کورەچی ئاماژەی بەوە کرد، تائێستا لە نێو پەرلەمان هیچ پاڵپشتییەک لە دۆسیەی پێکهاتەکان نەکراوە، گوتیشی، ''پەرلەمانتارێک لە هۆڵی پەرلەماندا پێی گوتم، 'باوەڕم بە مافی پێکهاتەکان نییە' بۆیە پێموایە باوەڕیان بە مافی ئێمە نییە.''
رۆژی چوارشەممە21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کردەوە، کورسی کۆتای پێکهاتەکانی نەهێشت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە.
''نوێنەری راستەقینە بووین''
هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی یەکێتی باسیان لەوە دەکرد کە نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان ناکەن، ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، ''پڕۆژەکانم لە پەرلەمان لە کتێبێکدا کۆکردووەتەوە کە 126 پڕۆژەن، با ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری راستەقینە دادەنێن، ئەگەر چالاکییان هەبووە، بەو شێوەیە کۆی بکەنەوە.''
''90٪ـی تورکمانەکان لە هەولێرن''
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان زۆرە، ''بەڵام 100 ساڵە سڕینەوەی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق و هەرێـمی کوردستان هەیە، بۆیە بەهۆی توانەوە نەتەوەکەمان، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگێکی کەم دەهێنینەوە.''
ئازاد ئەکرەم کورەچی ئاماژەی بەوەشکرد، 90٪ـی هاووڵاتییانی تورکمانی لە هەولێر دەژین و نزیکەی 10٪ـیش دانیشتووی کفرین.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، کورسی کۆتا و میکانیزمی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردندا بوو، ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ''تاوەکو ئێستا لایەنە کوردییەکان لەگەڵ ئێمە دانەنیشتوون، ئەگەر ئەوان مافی ئێمەیان دەویست، دەبووایە رای ئێمەیان وەرگرتبا''.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێـم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانییە، رۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024 لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە بە رووداوی گوت، "تورکیا وەکو پشتیوانێکی پێکهاتەی تورکمانی، لە بڕیارەکە نیگەرانە."
ئازاد ئەکرەم کورەچی جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە فراکسیۆنی میللەتین و هیچ کارمان بە تورکیاوە نییە، ئێمە لە کوردستان دەژین.''
"جەمال لۆ مارێ" بێڕێزییە بە تورکمان
لەدوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی نەمانی کورسیی پێکهاتەکان، دەستەواژەیەکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی دروست کرد، کاتێک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە یەکێک لە پاسەوانەکانی دەڵێت، "جەمال لۆ مارێ". ئەو گوتەیە هاوپێچکرا لەگەڵ بڕیاری دادگە و پرسی پێکهاتەکان.
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رەخنە لە هەندێک لە هاونیشتمانییان دەگرێت کە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دەستەواژەیە لەگەڵ وێنە و ڤیدیۆی هەندێک پەرلەمانتاری تورکمان دادەنێن و دەڵێت: "ئەمە بێڕێزییە بە زمان و کولتووری تورکمانی''
''با پێنج کورسیی پەرلەمان بۆ تورکمان بێت''
هەرچەندە یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا بووە کە کورسیی کۆتاکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دابەش بکرێن و تەنیا لە هەولێر نەبن، چونکە پێیوابوو لەلایەن پارتییەوە بەکاردەهێندرێن، بەڵام دادگە بڕیاری دا شتێک بەناوی کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی نەمێنێ.
ئازاد ئەکرەم کورەچی دەڵێت، ''ئەگەر یەکێتی دژی مافی پێکهاتەکان نییە، با دووبارە لە 100 کورسییەکەی پەرلەمان، 5٪ـی بدرێتەوە تورکمانەکان.''
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لایەنە تورکمانییەکان تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە کە بە چ میکانیزمێک بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ