رووداو - سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی گەنجێکی دەستگیرکرد و دەڵێت، تۆمەتبارە بەوەی تەقەی لە سێ یانەی شەوانە کردووە.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد "شەوی 21ـی ئەم مانگە لە ناوسنووری گەڕەكی سەرچنار كەسێكی پشێویی و ئاژاوەی دروستکردووە و تەقەی لە سێ یانەی شەوانە کردووە".
پۆلیس دەڵێت، دەستبەجێ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و هێڵكاری بۆ شوێنەكە كراوە، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و وەرگرتنی كامێراكانی چاودێری و ناسینەوەی وێنەی تۆمەتبارەکە، توانرا لە ماوەی كەمتر لە 24 كاژێر دەستگیربكرێت.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، توانراوە دەستبگیرێت بەسەر دەمانچەیەكدا كە بە تۆمەتبارەکە بووە.
بەپێی زانیاری پۆلیس، تۆمەتبارەکە دانیشتووی شاری سلێمانی و لەدایكبووی 1987ـە بەپێی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ