بەربژێرێکی دەرچووی یەکێتی لە نەینەوا: کورد بە یەک لیست حەوت کورسی دەبردەوە

22-12-2023
پەیمان محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ محەممەد جاسم کاکەیی، بەربژێری دەرچووی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ محەممەد جاسم کاکەیی، بەربژێری دەرچووی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێرێکی دەرچووی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: ''چاوەڕوان دەکرا بە یەک لیستی لەگەڵ پارتی، کورسییەکی دیکەش بەدەستبهێنین''، گوتیشی، لە هەندێک بنکەی دەنگدان ژمارەیەک دەنگی یەکێتی هەژمار نەکراون.
 
رۆژی هەینی 22-12-2023، محەممەد جاسم کاکەیی، بەربژێری دەرچووی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''ئەگەر لەگەڵ پارتی بە یەکگرتوویی بەشداریمان بکردایە، چاوەڕێی کورسییەکی دیکەشمان بۆ کورد دەکرد.''
 
ئەمڕۆ دووەم رۆژی ژماردنەوەی دەستیی دەنگی نزیکەی دوو هەزار سندووقی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە کە زۆربەیان دەنگی تایبەتن. تائێستا پارتی لە نەینەوا چوار کورسی و یەکێتیش دوو کورسی بەدەستهێناوە، ئەوە لەکاتێکدایە محەممەد جاسم کاکەیی گوتی: ''لە کۆمەڵێک بنکە و وێستگەی دەنگدان ژمارەیەک دەنگمان بەهۆی ناشارەزایی دەنگدەران یان هۆکاری تەکنیکی هەژمار نەکراون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامەکە باش بوو و دەنگێکی باشمان بەدەستهێناوە.''
 
وەک ئەو بەربژێرەی یەکێتی ئاماژەیدا، لە سەنتەری شاری موسڵ دەنگێکی باشی هەبووە، بەڵام هەژماری دەنگەکان لە ئاستی چاەڕوانیی ئەودا نەبووە و لە هەندێک بنکە لە نزیکەی 100 دەنگ تەنیا 20 دەنگی بۆ هەژمار کراوە. گوتیشی، ''تائێستا هیچ سکاڵایەکمان لەسەر ئەم بابەتە تۆمارنەکردووە و چاوەڕێی کۆتایی ئەنجامەکە دەکەین، بەڵام ئەگەر دەنگەکانمان وەکو خۆی نەبوو، ئەوکات بێگومان سکاڵا تۆمار دەکەین."  
 
پارێزگای نەینەوا 26 کورسی و سێ کۆتای هەیە، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نەینەوا، لیستی نەینەوا لیئەهلیها پێنج کورسی، پارتی چوار کورسی، ئەهلی نەینەوا دوو کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدووم دوو کورسی، لیستی سیادە دوو کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا دوو کورسی، عەقد وەتەنی سێ کورسی، وەتەنی لیتەجدید دوو کورسی، لیستی حەسم دوو کورسی و عەزم یەک کورسی بەدەستهێناوە.
 
پێشتر کورد لە نەینەوا چەندین پۆستی گرنگی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگاریان بەدەستەوە بووە، محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێت، ''وەک یەکێتی دووبارە داوای ئەم پۆستانە، هەروەها سەرۆکی هەندێک لیژنەی نێو ئەنجوومەنەکە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ کورد دەکەینەوە.''
 
ئەو بەربژێرە دەرچووەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەن لەگەڵ پارتی و سەرجەم ئەو لایەنانەی کە براوەی هەڵبژاردنەکەن و دۆستی کوردن، هاوپەیمانییەک بە مەبەستی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاونیشتمانییانی کورد پێکبهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە