مامۆستایانی ئایینی بانە داوای خۆپێشاندانی گشتی لە خەڵکی ئێران دەکەن

22-11-2022
فریا یونسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تادێت پشتیوانیی چین و توێژەکان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران زیاتر دەبێت، دوای پشتیوانیی مامۆستایانی ئایینی سنە و دێولان، مامۆستایانی بانەش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران دووپاتکردەوە.
 
ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی بانە و گوندەکانی دەوروبەری لە راگەیێندراوێکدا داوا لە حکومەت دەکەن کۆتایی بە تووندوتیژی لەگەڵ خۆپێشاندەران بێنێت و مافی دەربڕینی ناڕەزایی گشتی بە خەڵک بدات.
 
شەوی رابردوو مامۆستایانی ئایینی بانە و گوندەکانی دەوروبەری پەیامێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە تێیدا داوا لە حکومەتی ئێران و هێزە ئەمنییەکان دەکەن کۆتایی بە تووندوتیژی لە دژی خۆپێشاندەران بێنێت و تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، بەکرێگیراوی و سیخوڕی بۆ دووژمنان نەخاتە پاڵیان.
 
مامۆستایانی ئایینی بانە، ئەو خۆپێشاندەرانەی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە بە "شەهید" ناویان دێنن و دەڵێن؛ دەبێ حکومەت مافی شەرعی و یاسایی خێزانی شەهیدانی خۆپێشاندانەکان و بریندارانیش جێبەجێ بکات. هەروەها داوا لە خەڵکی ئێرانیش دەکەن لە خۆپێشاندانەکانیان بەشێوەی ئارام و ئاشتیخوازانە بەردەوام بن.
 
هەروەها رۆژی یەکشەممە مامۆستایانی ئایینی سنە، دێولان و ژمارەیەک لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو دوو شارە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرانی  ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندابوو و رایانگەیاندبوو خۆپێشاندان مافی شەرعی و یاسایی خەڵکە و ئەوەی لەم دواییەدا لە ئێران روویانداوە، رواڵەتی ئێرانی ناحەز و خەڵکی خەمبار و پڕ لە قین کردووە.
 
لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز، لە 16ی ئەیلوولی 2022،  کە بە گوتەی باوکی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کوژراوە، خۆپێشاندان لە ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (هرانا) تاوەکو ئێستا 437 کەس لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا.

کۆنسووڵی ئەمریکا بە کوردی داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن

ستێڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا بە زمانی کوردی دەڵێت: "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەران ئامرازێکی گرنگە بۆ دیموکراسییەکی گەشەسەندوو، چونکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی لە داڕشتنی داهاتووی خۆیاندا، دەنگیان هەیە."