رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ، 22ـی ئەیلوول یەکەم زەنگی ساڵی خوێندنی 2024 - 2025 لە ئامادەیی رۆشنبیریی کوڕان لە کەرکووک لێدرا. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، سەدان قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی.
مامۆستا کامەران حەسەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "بڕیارمان داوە ساڵانە کام قوتابخانە قوتابییەکانی یەکەمی سەر عێراق بن، لەوێ زەنگی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدەین. بۆیە ئەمڕۆ هاتووینەتە قوتابخانەی ئامادەیی رۆشنبیری و یەکەم زەنگ لێرە لێدەدەین، چونکە ئەم ساڵ قوتابییەکیان یەکەمی سەر ئاستی عێراق بوو."
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەوەشی گوت کە، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 400 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە هاتوونەتە خوێندنی کوردییەوە. هاوکات نزیکەی 1500 بۆ 2000 کەسی زیاتر خۆیان بۆ خوێندنی کوردی تۆمار کردووە لە ساڵانی پێشوو. ئێستاش نزیکەی 100 هەزار قوتابیمان لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی هەیە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دایک و باوکان متمانەی تەواویان بە خوێندنی کوردی هەیە."
لەبارەی ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنەوە، کامەران حەسەن رایگەیاند، "ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن پەرتووکی بۆ ناردووین، ئێمەیش لە رێگەی کۆگەکانمانەوە هەموومان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش کردووە."
مەسرور بارزانی رۆژی 28-8-2024 فەرمانی گرێبەستکردنی بۆ ئەو مامۆستایانە واژۆکرد و مامۆستاکان وەک مامۆستای گرێبەست لە قوتابخانەکان دەستبەکار بوون. رێکارەکانی بە گرێبەستکردنیشیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێکرا.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەبارەی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژەوە دەڵێت: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەزار و 100 مامۆستای کەرکووکی لە وانەبێژەوە کردووەتە گرێبەست."
لەگەڵ ئەو هەنگاوانەدا، کامەران حەسەن دەڵێت، "بوونی ئەو خزمەتگوزارییانە واتای ئەوە نییە هەموو شتێکمان بۆ کراوە، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بە بەرنامە پەراوێزخراین. هەردەم هەوڵەکانمان چڕ کردوونەتەوە و لەگەڵ پەروەردەی گشتی لە پەیوەندیداین و ئێمەیش هەقی خۆمانە بە زمانی خۆمان بخوێنین، وەک لە دەستوور جێگیر کراوە."
هەر ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وێنە: هەردی محەممەد