رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندن لە نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش خوێندنی کوردی دەستپێدەکات.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ زەنگی دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی 2024 – 2025 لە قوتابخانە کوردییەکان لێ دەدرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کەرکووک، شنگال و خانەقین زیاتر لە 133 هەزار قوتابی بە زمانی کوردی لە 657 قوتابخانەدا دەخوێنن.
لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەک کەرکووک، شنگال و خانەقین، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن هەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
کامەران عەلی گوتی، لە خوێندنی کوردی لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 100 هەزار قوتابی هەن و لە 555 قوتابخانەدا وانە دەخوێنن.
لە خوێندنی کوردیی کەرکووک نزیکەی نۆ هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەوام دەکەن و شایستە و پرۆگرامەکانی خوێندنیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.
لە کەرکووک جگە لە خوێندنی عەرەبی و کوردی، خوێندنی تورکمانیش هەیە. ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان زۆرترینە.
لە شنگالیش خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە. بە گوتەی مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە بۆ رووداو، لە سنوورەکەیان نزیکەی 28 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی دەخوێنن.
لە سنووری پەروەردەی شنگال 70 قوتابخانەی کوردی هەن و بەشێکیان لە کەمپەکاندان. مەیسەر حەجی گوتی: "ساڵانی رابردوو قوتابیانی خوێندنی کوردی زیاتر بوون لە قوتابیانی خوێندنی عەرەبی، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە".
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1,130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
لە قەزای خانەقینیش خوێندن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەیە.
حەسەن محەممەد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین 3,300 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و نزیکەی 5,000 قوتابیش لە 32 قوتابخانەدا بە زمانی کوردی دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ