لە سنووری کانی ماسێ 'بەهۆی تەقینەوەیەکی تورکیا' 3500 دۆنم زەوی سووتا

22-08-2024
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کۆمەڵگەی بریفکا لە سنووری کانی ماسێ 3500 دۆنم زەوی سووتاند. سەرۆکی شارەوانیی کۆمەڵگەکە هۆکارەکەی بۆ "تەقینەوەیەکی سوپای تورکیا" دەگەڕێنێتەوە. جووتیارانی زیانلێکەوتووی کۆمەڵگەکە داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن.
 
رووداوەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو کاژێر 10:00ـی بەیانی روویداوە. نەجمەدین تەمەر، جووتیارێکی کۆمەڵگەی بریفکا، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "تەقینەوەیەک روویدا و ئاگرکەوتەوە، پێموایە تۆپ بوو. پەیوەندیمان بە تیمی ئاگرکوژێنەوە کرد و تاوەکو گەیشتن ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو."
 

 

 

 

 

 
بێوار حاجی قادر، سەرۆکی شارەوانیی بریفکا، بە رووداوی گوت: "هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە سوپای تورکیا بووە. دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە نازانین تۆپ بووە یان تی ئێن تی بوو."
 
لە رووداوەکە بەرهەمەکانی میوەی ترێ، 30 پوورەی هەنگ، سێو، هەنجیر، 10 هەزار جۆرەکانی دار و نزیکەی چوار هەزار دۆنم زەوی سووتاون کە بەرهەمی نزیکەی 50 خێزان لەسەر ئەو بەرهەمانەیە.
 
موختاری کۆمەڵگەی بریفکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە هۆکاری رووداوەکە "تەقینەوە" بووە. هەوار بریفکی، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەرهەمی ئەم ساڵی جووتیاران سووتا. لیژنەیەکی ناحیەی کانی ماسێ بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنراوە و داوا دەکەین قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێنەوە."
 
 
رووداوەکە لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ روویداوە. ساڵح حەمدی، بەڕێوەبەری ناحیەکە رەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەمبارەوە بدات.
 
کۆمەڵگەی بریفکا بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە. کاتی رووداوەکە تیم لە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی کانی ماسێ-وە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. نێچیرڤان محەممەد، جووتیارە لە ناوچەکە لە بەرپرسیار، داوایکرد بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوە لە کۆمەڵگەکەیان دابمەزرێنرێت.
 
کۆمەڵگەی بریفکا، 20 کیلۆمەتر لە ناحیەی کانی ماسێ دوورە کەوتووەتە سنووری قەزای ئامێدی. رووداو پەیوەندی کرد بە وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدییەوە و گوتی:" لە رووداوەکە بێئاگام".
 
 
450 ماڵ لە کۆمەڵگەی بریفکا نیشتەجێن، یەکێکە لەو ناوچانەی کەوتووەتە سەر هێڵی پێکدادانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە. موختاری کۆمەڵگەکە، دەڵێت: "بەردەوام دەنگی تۆپ، هێلیکۆپتەر و فڕۆکە دێ، کەس ناتوانێ بە ئازادی لە سنووری کۆمەڵگەکەمان هاتووچۆ بکات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".