رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی دەڵێت، وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان و تورکیا بۆ بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی لەسەر پاسپۆرتەکەیان پارێزگای سلێمانی نووسراوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق قورستترە.
رۆژی دووشەممە، عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان بۆ بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی لەسەر پاسپۆرتەکەیان سلێمانی نووسراوە، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە قورستترە و پارەی زیاتریشی دەوێت.
وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە هەولێر 175 دۆلارە. عەتا ئەنوەر دەڵێت، بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی خەڵکی سلێمانی نزیکەی 250 دۆلارە.
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەوەک تەنیا بۆ ئازەربایجان، هەڵگرانی پاسپۆرتی خەڵکی سلێمانی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیاش بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زەحمەتی زیاتریان بۆ دروست دەکرێت؛ گوتیشی، "بۆ هەردوو وڵاتەکە دەبێت پشتگیریی کارێکی باشت هەبێت. ئێستا بۆ ئازەربایجان دەبێت هەژماری بانکیشت هەبێت."
ڤیزەی تورکیا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی چەند جۆرێکە. ڤیزەی تاک کە بۆ یەکجار بەکاردێت 130 دۆلارە؛ ڤیزەی چەندجارە کە دەتوانی سێ جار گەشتی پێبکەیت لە 6 مانگدا 160 دۆلارە و ڤیزەی یەک ساڵیش کە چەند جارێک دەتوانرێت گەشتی پێبکرێت 180 دۆلارە.
عەتا ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دانیشتووی سلێمانی کە تەمەنیان لە نزیک بیستەکاندایە وەرگرتنی ڤیزەی ئازەربایجان و تورکیا قورسە و کەمتر دێتەوە، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان زیاترە لە 35 ساڵ و پشتگیریی کاریان هەیە ڤیزە وەردەگرن".
تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرتووە، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی لەو سنوورە چاوپۆشی لە چالاکییەکانی پەکەکە دەکرێت. ئازەربایجانیش هاوپەیمانێکی زۆر نزیکی تورکیایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ