رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 28ـی ئابەوە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی 2024 - 2025 دەستپێدەکەن. بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ دیارنییە کەی دەوامی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی پەروەردە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە، دەڵێت: "کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن لە 28-04-2024 تاوەکو 29-08-2024 قوتابیان بەسەر هۆبەکانی خوێندن دابەش دەکەن و لە سیستمی ئی- پەروەردە تۆماری دەکەن و هۆبەکان جیا دەکەنەوە".
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە 31ـی ئابەوە تاوەکو 05ـی ئەیلوول، رۆژی خشتەی هەفتانەی وانەکانی ناوەندەکانی خوێندن دادەنرێت و بەشەوانەکان بۆ مامۆستایان دیاری دەکەن.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی 01-09-2024 رۆژی پەیوەندیکردنەوەی مامۆستایانە بە ناوەکانی خوێندنەوە؛ راشیگەیاندووە: "دەوامی کارگێڕیی ناوەندنەکانی خوێندن لە هاویندا رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە دەبێت لە هەفتەدا".
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ رۆژی دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 بە فەرمی دیاری نەکراوە".
ساڵی رابردوو 13ـی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بایکۆتی زۆرینەی مامۆستایانەوە خوێندن بۆ چەند مانگێک دواکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ