کۆمپانیای نەوتی باکوور هۆشداری لە 'وشکبوونی' کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەدات

23-06-2022
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

کەرکووک، پایتەختی نەوتی عێراق و یەکەمین کانگای وزەی وڵاتەکە خەریکە ژێرخانە نەوتییەکەی بەرەو داڕووخان دەچێت؛ سەرەڕای بوونی دەیان کێڵگە و بیری نەوتی، خەڵکی کەرکووکیش رۆژانە لە نۆرەی دوور و درێژی دەستکەوتنی سووتەمەنیدان.
 
نەجات ئەحمەد، شۆفێری تەکسی بە رووداوی گوت، "مەگەر تەنیا بەسرە نەوتی لە کەرکووک زیاتر بێت، دەبوو ئێستا سێ پاڵاوگەمان هەبووایە نەک پاڵەوگەیەک، ئەم دۆخە بۆ هەموو خەڵکی کەرکووک بە کورد، عەرەب و تورکمانەوە خراپە کە تێیکەوتوون، کەرکووک شارێک نییە تاوەکو ئەم مەینەتیە بکێشێت، هەموو شتێک لێرە بووەتە کۆبۆن، بەنزین کۆبۆنە و نەوت کۆبۆنە، قەرەباڵخە و بە زۆر خەڵک ناچار دەکرێت بچێتە بەنزینخانە تایبەتەکان."
 
چواردەوی پارێزگای کەرکووک، کێڵگە و بیری نەوتییە و لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزارەتی نەوتی عێراق و پارێزگاکەش نە بوجەی پترۆدۆلاری ماوە و نە سووتەمەنیشی وەکو پێویست بۆ دەستەبەر دەکرێت.
 
کۆمپانیای نەوتی باکوور بە نووسراوی فەرمی بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک نۆژەن نەکرێنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت کەم دەکات و رەنگە چەند ساڵێکی دیکە مەترسیی وشکبوونیشیان لەسەر دروست ببێت.
 
فەرهاد حەمزە، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، "ئەگەر دۆخی کێڵگە نەوتییەکان بەم شێوەیە بمێنێت، دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، چونکە لە ساڵی 2005دا رۆژانە لە کەرکووک زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرا و ئێستا بەرهەمهێنان بۆ نیو هێندە کەمبووەتەوە، بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەرکووکیش بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بە تەواوەتی وێران بووە و دەبێت بۆ ئەوەش بۆریی نوێ رابکێشرێت."
 
ئیدارەی کەرکووک کە پێنج ساڵە دۆسیەی نەوتی پارێزگاکەی لەژێر دەست دەرهێندراوە و دەڵێت، "بەغدا رێگەمان پێنادات کار لە نۆژەنکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان بکەین و دروستکردنی پاڵاوگە و دابینکردنی سووتەمەنییش رێگری سیاسیی هەیە و بەغداش لە پرسی کەرکووک زۆر جیددی نییە."
 
عەلی حومادی، یاریدەدەری هونەریی پارێزگاری کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "کەرکووک بە هەموو پێوەر و مەرجەکان شایستەی ئەوەیە پاڵاوگەی هەبێت، ناڵێین بە ئەنقەستە، بەڵام نەبوونی تێڕوانینێکی روون لە وەزارەتی نەوت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کەرکووک، وایکردووە دانیشتووانی کەرکووک باجەکەی بدەن و ئێمەش وەکو ئیدارە دووچاری رەخنەی شەقام دەبینەوە بەهۆی نەبوونی چارەسەرێکی راست و جیددی."
 
لە ساڵی 2013 كۆمپانیای BP بەریتانی لە ماوەی 18 مانگدا نەخشەی نۆژەنکردنەوەی کێڵگە و بۆرییە نەوتییەکانی کەرکووکی ئامادە کرد، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق کاری پێنەکرد و و نۆژەنی نەکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە