رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان لە رووباری سیروان خنکا. بەرگریی شارستانی دەڵێت، دوای زیاتر لە 10 کاژێر تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
گەنجەکە ناوی محەممەد ئەنوەرە و لە دایکبووی ساڵی 1997ـە. کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "محەممەد ئێوارەی دوێنێ بۆ مەلەکردن چووبووە رووباری سیروان و خنکابوو".
دوای هەوڵی بەردەوامی تیمە فریاگوزارییەکان، کاژێر 06:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لە رووباری سیروان دەرهێندراو و رەوانەی دادپزیشکی کرا.
خنکانی ئەو گەنجە یەکەم رووداوی خنکانە لە سنووری قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی کە ئەمساڵ تۆمار کرابێت.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو دوێنێ 21ـی ئایار، زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە. بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ