رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکدار بە جووتیارانی گوندەکانی سنووری عەفرینی گوتووە، دەبێت بۆ یەک دار زەیتوون 15 دۆلار باج بدەنە ئەوان. هەروەها هەر ماڵێک بگەڕێتەوە گوندەکەی دەبێت شەش هەزار دۆلاریان پێ بدات.
گرووپە چەکدارەکە ناوی "سووڵتان سلێمان شا"یە و جووتیارانی گوندەکانی ناحیەی شیێ-یان لە عەفرین کۆکردووەتەوە و ئاگادار کردوونەتەوە، کە دەبێت لەمەودوا پابەندی بڕیارەکانیان بن.
ئەو گرووپە چەکدارە بە جووتیارانی سنوورەکەیان گوتووە، لە ماوەی 15 رۆژدا دەبێت بۆ یەک دار زەیتوون 15 دۆلار باج بدەن، ئەگەر لەو ماوەیەشدا نەیدەن پارەکە دەبێتە 25 دۆلار و ناچار دەکرێن ئەو بڕە بدەن.
یەکێکی دیکە لەو باجانەی ئەو گرووپە چەکدارە بەسەر جووتیاراندا سەپاندوویانە ئەوەیە، ناچار دەکرێن 25%ی داهاتەکانیان بدەنە گرووپەکە.
هاونیشتمانیانی سنووری گوندەکانی سنووری شیێ لە عەفرین نووسراوێکی گرووپە چەکدارەکەیان بۆ رووداو ناردووە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، هەر خێزانێک بیانەوێت بگەڕێنەوە گوندەکەیان دەبێ شەش هەزار دۆلار باج بدەنە ئەوان.
ئەو هاونیشتمانیانە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بچنە سەرهێڵ و رێگەنەدەن ئەو گرووپە چەکدارە، کە بە نزیک لە تورکیا هەژمار دەکرێت، بە زۆر باجیان لێ وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ