رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی باشدا نییە. گوتیشی، ''کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردن بێسوودە و بەشداری نابین.''
ئەمڕۆ (چوارشەممە 22-05-2024) سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی، لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''مادام مردن لە رێگەیە، حەق وابوو بە خۆماندا بچینەوە، بێگومان پرۆسەی سیاسی (لە هەرێمی کوردستان) خزیوە و لە جێگەی خۆیدا نەماوە.''
سەلاحەدین بەهائەدین گوتی، کێشەکان لە هەرێمی کوردستان قووڵکراونەتەوە ''گرێیەکان کە بە دەستیش دەکرانەوە، خراونەتە ددان، کە ئەویش خەریکە پێیەوە دەشکێت.''
بەگوتەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، نێوماڵی کورد لە ئاستی پێویستدا رێکنەخراوە و ئاڵنگاری و هەڕەشەی زۆری پێوە دیارە کە ''هەڕەشەی هەرە گەورەش ناکۆکیی نێوخۆییە؛ کەس قسەی کەس ناخوێنێتەوە وادەزانێت پاڵەوانی گۆڕەپانەکەیە، بەڵام هیچی وا نییە، بە هەموومان رەنگە بتوانین شتێک بەرهەم بهێنین، بەڵام بە تەنیا نا.''
یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە هەڵبژاردنی پەرلەمان کە تاوەکو ئێستاش روون نییە کەی دەکرێت. سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی دا، ''هۆکاری ئەوەی کە ئێستا کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانیش ناکرێت، ئەوەیە بێسوودن، ئێمە یەکێکین لەوانەی کە بەشدارییان تێدا ناکەین، چونکە ئەزموونی پێشوومان هەیە و شتی بێسوود دووبارە ناکەینەوە.''
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام ناکۆکیی سیاسی و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هۆکارن بۆ ئەوەی ئێستاش چارەنووسی هەڵبژاردن دیار نەبێت.
دادگەی فیدراڵی کە پێشتر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە کردە 100 کورسی و 11 کورسی کۆتاکانی لابردبوو، دوێنێ 100 کورسی دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی کردە 95 کورسی و پێنجەکەی دیکەی بۆ تورکمان و کریستیانەکان دانا.
سەلاحەدین بەهائەدین دەڵێ ''ئەگەر سەیری قسەکانی [لایەنە سیاسییەکان] بکەین، کەس لە بڕیارەکە و بەشی خۆی رازی نییە. ئەم پێنج کورسییە لە 100 کورسییەکە کەمکراوەتەوە.''
وەک ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی گوتی، رێگەچارە بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، ''چونکە بە جۆرێک دەستکاریی دۆخەکە دەکرێت، ئەوانەشی کە رێگە نادەن هەڵبژاردن بکرێ، هەر لەوە دەترسن؛ لە گۆڕانی دۆخەکە. ئەوان ئێستا جێگەیان گەرم کردووە، بەڵام ئەمە هەڵەیە.''
سەلاحەدین بەهائەدین ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی هەڵبژاردن لێکەوتەی قورسی بەدوای خۆیدا هێناوە ''بۆ ئەمڕۆی عێراق بینیمان چەندین شتمان بەسەر هات، تەنانەت [حکومەتی هەرێمی کوردستان] ناچار کرا مووچە، کە سەرەکیترین بابەتە، لەلایەن بەغداوە بدرێت و ئەمەش عەیبەیە.''
لەنێوان بەغدا و هەولێر، جۆرێک لە ناکۆکی بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات دوای بەجێکردن، مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی پڕۆژەی ''هەژماری من''ـەوە دابەش بکرێت و بەغداش بە تەواوی رەزامەندی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە و ئاکامەکەی روون نییە.
''هەژماری من'' بەشێکە لە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و، بەگوتەی حکومەت، هەمان پڕۆژەی تەوتینە، بەڵام "جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لە سوود و شێوازی جێبەجێکردنی"دا.
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە ''باسکردنی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەژماری من، دەرخەری ئەوەیە کە فێڵێکی تێدایە؛ رەنگە ئێمە کارە تەکنیکییەکانی نەزانین، بەڵام بێ فێڵ نییە، ئەگەر ئەوەندە رێکوپێکە، خۆی دەیکرد و رێگەی نەدەدا خەڵک قسەی لەسەر بکات.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ