رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە 8500 دەنک حەبی هۆشبەریان پێبووە و "بازرگانیی"ـیان پێوەکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ (چوارشەممە 22ـی ئایار) بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ حەبەکە 850 شیت بووە لە جۆری ترامادۆڵ؛ هەردوو تۆمەتبارەکەش 21ـی ئایار لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت "تۆمەتبارەکان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان راگیراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی دەستخستنی ئەم جۆرە حەبە."
ترامادۆڵ، دەرمانێکی ئازارشکێنە کە بۆ ئازاری مامناوەند و بەهێز بەکاردەهێنرێت، بەڵام زۆر بەکارهێنانی، بەکارهێنەر تووشی ئاڵوودەبوون دەکات و وادەکات تەنیا بەو دەرمانە ئازاری کەمببێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی تایبەت بە بازرگانان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر بەردەست نییە.
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی پار، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ