رووداو دیجیتاڵ
هۆکاری مرداربوونی نەورەسەکانی دەریاچەی دووکان و سنووری راپەڕین ئاشکرا کرا، کە "ئەنفلەوەنزا"یە. پۆلیسی دارستانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێگە نادەن هیچ کەسێک نزیکی سنووری باڵندەکان ببێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایاری 2024 فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ زانینی هۆکاری لەنێوچوونی نەورەسەکان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەردانی مەیدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و سامپڵی باڵندەکانی وەرگرت و ئێستاش ئەوان ئەنجامەکەیان راگەیاندووە."
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە پۆلیسی داراستان و ژینگەیان گوتووە، هۆکاری لەنێوچوونی نەورەسەکانی هەرێمی کوردستان ئەنفلەوەنزای باڵندەیە. فوئاد زراری دەڵێت، "پۆلیس لەو شوێنانە جێگیر کراون کە نەورەسەکانی تێدان، جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردایە و رێگەش نادەن هیچ کەسێک لێیەوە نزیک ببێتەوە."
مرداربوونی نەورەسەکان لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە زێی بچووک لە ئیدارەی راپەڕین و بەنداوی دووکان دەستیپێکردووە و بەردەوامە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان گوتی، "ئێستا مرداربوون کەم بووەتەوە و رۆژانە سێ بۆ چوار نەورەس مردار دەبن."
جگە لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، دوو لیژنەی هەولێر و سلێمانیش پشکنینیان بۆ نەورەسەکان کردووە و سامپڵیان وەرگرتوون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی هیچ ئەنجامەکەیان رانەگەیاندووە.
18ی ئەم مانگە نەورەسە مرداربووەکانی ئیدارەی راپەڕین بە شێوەیەکی زانستی ژێرخاک کران.
ئەو نەورەسانەی لەنێوچوون ژمارەیان دیار نییە. عەقید خەسرەو زەنگڵ، گوتبێژی پۆلیسی داراستان و ژینگەی ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی گوت، "بە هەزاران باڵندەی نەورەس لەنێوچوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ