رووداو دیجیتاڵ
یەکێکیان زاوای حەوت مانگ بوو و ئەوی دیکەشیان هەشت مانگ بوو ژنی دووەمی هێنابوو؛ "خوات لەگەڵ مامە، ژێرئاو دەکەوین" ئەمە گوتەی یەکێک لە قوربانییەکان بوو چەند ساتێک بەر لەوەی شەپۆلی تووندی لافاوەکەی دهۆک بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆی بیبات.
چوار رۆژ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕی و هێشتا تەرمی ئەو دوو کەسە، کە کرێکاری عەرەبن و لە رووباری هشکەڕۆی دهۆک بەر لافاو کەوتن نەدۆزراونەتەوە.
رۆژی 19ـی ئادار، ئەو رۆژەی دوو کرێکارەکە لافاو بردنی، گرتە ڤیدیۆی ساتی رووداوەکە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرایەوە و هەزاران کەس بینەری ساتە دڵتەزێنەکە بوون. لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا چوار کەس دەردەکەون کە مەترسیی لافاوبردینیان لەسەرە.
یەکێک لەوانەی بەر لافاو کەوت و رزگاری بوو، کەسوکاری قوربانییەکانە و بە دڵێکی پڕ لە ئەشکەوە چیرۆکی لافاوبردنی هەردوو هاوڕێی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
دوو لەو کەسانە رزگاریان دەبێت و دوو کەسەکەی دیکەش ئەوانەن کە لەنێو شەپۆلی بەهێزی لافاوەکەدا ون دەبن.
یەکێک لەو دوو کەسەی کە رزگاریان بووە، ئەو کاتە لەسەر رووباری هشکەڕۆ بوو، وەکو لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، دارێکی بەدەستەوەیە و هەوڵی رزگارکردنی هاوڕێکانی دەدات. ئێستا لە لێواری رووبارەکە بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە بەدوای هاوڕێکانی دەگەڕێت.
وەعەد مەحموود چیرۆکەکە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: "کاژێر 9:00ـی بەیانی بوو، بۆ کارکردن لەسەر خانووێک لە گەڕەکی نزارکێ [لە دهۆک] دەچووین. کاتێک لە ئەندەرپاسێک نزیککەوتینەوە، لە پڕێکدا بینیمان ئاو هاتە نێو ئۆتۆمبێلەکەمانەوە، هەوڵماندا خۆمان رزگار بکەین. من رزگارم بوو، بەڵام کوڕێکم، برایەکم و برازایەکم لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین و چوونە سەر دیوارێک و لەوێ گیریان خوارد. نزیکەی 15 خولەک بوو هاوارم دەکرد، دواتر پۆلیسێکی هاتووچۆ و شۆفێری تانکەرێک بە هانامانەوە هاتن. پەتێکیان هێنا و هەوڵماندا رزگاریان بکەین."
وەعەد مەحموود باسی ساتەوەختی پچڕانی پەتەکە دەکات و دەڵێت: "سات بە سات ئاستی ئاوەکە بەرزدەبووەوە، دواتر پەتەکە پچڕا و تەنیا ئاگام لەوە بوو کە [برازاکەم گوتی] گوتی 'خوات لەگەڵ [مامە] ئێمە ژێرئاو دەکەوین' و تا ئێستاش بێسەروشوێنن."
وەعەد مەحموود و کوڕەکەی رزگاریان بوو، بەڵام برایەکی بە ناوی عومەر مەحموودی تەمەن 45 ساڵ و برازایەژی بە ناوی مەحموود موهەنەدی تەمەن 20 ساڵ بەر لافاوەکە کەوتن.
مەحموود موهەنەد حەوت مانگ بوو هاوسەرگیریی کردبوو و ژنەکەی دووگیانە، عومەر مەحموود دوو کوڕی هەیە، بەڵام هەشت مانگ بوو بۆ جاری دووەم هاوسەرگیریی کردبوو. وەعەد دەڵێت: "بەداخەوە خۆشییان بە ژیانی خۆیان نەبرد." گلەییش لەو کەسەی کە ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە و ئەوانی دیکەی دەوروبەریشیان دەکات و دەڵێت، لەجیاتی ڤیدیۆگرتن دەبوو بەهانایانەوە چووبانە؛ "بەم بەهارە ماڵمان وێران بوو."
هەر چوار کرێکارەکە، ئەوانەی رزگاریان بووە و ئەوانەشی کە چارەنووسیان نازاندرێت، بە بنەچە عەرەبن و لە دوای ساڵی 2024ـەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە روویان لە شاری دهۆک کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون. هەرچواریان کاری ئاسنگەری و دروستکردنی دەکتی موبەریدەیان دەکرد.
نەواف مەحموود، برای عومەر و مامی مەحموودە، لە موسڵەوە هاتبووە دهۆک؛ ئێستا لە رۆخی رووباری هشکەڕۆ بە هاوکاریی تیمێک بەدوای تەرمی کەسوکاری دەگەڕێت؛ بە رووداوی گوت: "نزیکەی 30 کەس لە موسڵەوە هاتوون، بەدوای تەرمەکان دا دەگەڕێن، راستە تیمێکی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی دهۆک و چەند خۆبەخشێکی دیکەی شاری دهۆک لەگەڵمان بەدوایاندا دەگەڕێن، بەڵام ئەمە تەنیا بەس نییە، بۆیە داوا لە سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەم هەوڵەکان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی تەرمەکان بدۆزرێنەوە."
رۆژی 19ـی ئەم مانگە بەهۆی بارانی بەخوڕ لە دهۆک و زاخۆ لافاو دروست بوو، بەهۆیەوە، زیان بە نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل کەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ