رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی دەڵێت، ئاستی ئاوی ژێرزەویی پارێزگاکە نزیکەی پێنج مەتر بەرزبووەتەوە. گوتیشی، ساڵانە لە وەرزی گەرمادا نزیکەی 15 مەتر ئاوی ژێرزەوی دادەبەزێت.
ئەمڕۆ هەینی، 22-03-2024، خومار نەجم، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد رایگەیاند: ''ساڵانە لە وەرزی وشکیدا (سەرەتای مانگی پێنج تاوەکو سەرەتای مانگی 11) بەردەوام ئاستی ئاوی ژێرزەوی دادەبەزێت، کە دەگاتە 10 بۆ 15 مەتر دابەزین''.
خومار نەجم گوتی: ''ئەم ساڵ بارانێکی باش باریوە و بە خۆشحاڵییەوە نزیکەی چوار بۆ پێنج مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزبووەتەوە کە بەپێی داتای مانگی سێ، پێشبینی دەکرێت ئاستەکە زیاتریش بەرزبێتەوە.''
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی، بارانبارینی بەلێزمە هەبوو. بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی، ''ئەم ساڵ زیاتر لە 500 ملیمەتر باران باریوە و مەترسیی وشکەساڵی نەماوە''.
خومار نەجم لەبارەی هۆکاری دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی ئاماژەی بەوە کرد، بیری نایاسایی و زێدەڕۆیی، نەبوونی پێوەر بۆ بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی و بەکارنەهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ کشتوکاڵ، هۆکارن بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوە کرد، یەکێک لە رێکارەکانی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، دروستکردنی گۆمی دەستکرد و بەنداوە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، ''کە بەخۆشحاڵییەوە چەند گۆم و بەنداوێک دروستکراون و بەهۆی بارانبارینی ئەم ساڵ، سەرڕێژ بوونە، ئەمەش لە وەرزی وشکیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت و مەترسی لەسەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەمتر دەبێتەوە."
خومار نەجم ئەوەشی خستەڕوو، گرنگترین خاڵ بۆ پاراستنی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی ئەوەیە کە زیاتر پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەسترێت، بۆ ئەوەی کەمتر ئاوی ژێرزەوی بەکاربهێنرێت.
ئێستا هەرێمی کوردستان توانای کۆگاکردنی 10 ملیار مەتری سێجا ئاوی هەیە، ئەویش بە بوونی زیاتر لە 17 بەنداو و گۆمی دەستکرد، پلانی دروستکردنی چەند بەنداوێکی دیکەش هەیە.
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن، ئەوانیش بەنداوی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک. لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و زۆرترین باران لە دهۆک باری کە زیاتر لە 200 ملیمەتر بوو. پاشان هەولێر، دواتر هەڵەبجە و سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ