رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە مانگی رەمەزاندا ماوەی هەر وانەیەک پێنج خولەک کەم بکاتەوە. هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵاش کاژێرێک دەوامی فەرمانبەرانی لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە و زانکۆکان کەم کردەوە.
رۆژی سێشەممە 21-03-2023، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، چوارشەممە تەواوکەری مانگی شەعبانە و رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 22-03-2023، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی مانگی رەمەزانی کرد و گوتی، بەبۆنەی رەمەزانەوە هەر وانەیەک پێنج خولەک کەم دەکرێتەوە.
لەبارەی دەوامی مامۆستایان، سامان سیوەیلی گوتی، مامۆستایان بۆیان هەیە تەنیا ئەو کاتانە لە قوتابخانە بن کە وانەیان هەیە، ئەو کاتانەی کە وانەیان نییە بوونیان لە قوتابخانە ناچاری نابێت.
خشتەی وانەکانی هەفتەی خوێندن، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، نابێت هیچ گۆرانکارییەکی تێدا بکرێت لەلایەن دەستەی کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندنەوە.
هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە دەوامی فەرمانبەران لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە و زانکۆکان کاژێرێک کەم دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ