قوباد تاڵەبانی: ویستی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان هەیە

22-02-2025
پەیمان محەممەد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نا ناوەندیبوونی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە.''
 
رۆژی شەممە، 22-02-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان لە سلێمانی، لە پانێڵێكدا ژمارەیەک بابەتی سەبارەت بە گرفتی مووچە و بودجە، پڕۆسەی ئاشتی، پێکهێنانی حکومەت و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان باسکرد.
 
''گەشبینم بە پڕۆسەی ئاشتی''
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی سەردانەکەی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''سەردانێکی زۆر گرنگ بوو و ئامانجی سەرەکییان ئەوە بوو کە رای لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.''
 
شاندی ئیمراڵی رۆژی 15-2-2025 گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی: ''بەڕێز ئۆجەلان لە بەردەم هەنگاوێکی زۆر گرنگدایە کە راگەیاندنی پەیامێک دەبێت و پێم وایە ئەو هەڤاڵانەی دەم پارتی کە هاتن بۆ کوردستان ویستیان رای هەموو لایەنەکان وەربگرن لەسەر ئەو پەیامە''.
 
شاندی ئیمراڵیی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکان هێنابوو. جێگری سەرۆکوەزیران گوتی: ''بێگومان کۆتاییهێنان بە جەنگ هەمیشە بڕیارێکی قورس و بوێرانەیە، بۆیە ئەم دۆزە کە پێی دەگوترێت پرسی کورد لە تورکیا، خەمێکە کە هەموو کورد دەگرێتەوە.''
 
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو کە ''بەخۆشییەوە ئەوەی هەستمان پێکرد، ئیرادەیەکی جیدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە رێگەی دیپلۆماسی و بە شێوەیەکی مەدەنییانە کە پێموایە ئەوە رێگە دروستەکەیە.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی گوتی: ''بێگومان هەنگاوی لەو شێوەیە، هەموو کات تووشی گرفتی گەورەش دەبێت، لەوانەیە کەسانێک هەبن کە لە بەرژەوەندییاندا نەبێت کۆتایی بەو کێشەیە بهێندرێت، چی لەنێو تورکیا و چی لە دەرەوەی تورکیا.''
 
هەرچەندە پڕۆسەی ئاشتی پێشینەی چەند ساڵەی هەیە، بەڵام گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا بەو شێوەیە دەستیان پێکردەوە کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمە وەکو یەکێتی ئامادەبوونی خۆمان دەربڕی بۆ هەر هەنگاوێک کە ئاشتییانە و بەرەو چارەسەرکردن بێت. هەر ئەرکێک کە بە ئێمە بسپێردرێت، ئامادەیی خۆمان بۆ راییکردنی دەربڕیوە.''
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی ئەنجامی پڕۆسەی ئاشتی گوتی: ''گەشبینم، بەڵام نامەوێت زۆر پەلەش بکەم.''
 
 
''ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان هەیە''
 
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان کرد و گوتی: ''هەست دەکەم ئەو ئیرادەیەی کە ئێستا لە هەردوولاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوانیان هەیە، ئیرادەیەکی بەهێزە و گفتوگۆی سیاسی و تەکنیکیی جیدی لە ئارادان.''
 
دوای چوونی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، رۆژی 3ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بێ گرفت خەرج بکرێت".
 
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد: ''ئەم جارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵ دراوە کە هیچ بیانوویەک نەهێڵین لەبەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو کێشە و بیانووانەی کە هەبوون، چارەسەر کراون.''
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، لە دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ''کێشە جەوهەرییەکان کە پەیوەندییان بە مووچە و بودجەوە هەبوو، بۆ ئەم ساڵ چارەسەر کران، بەڵام بێگومان بۆ بودجەی داهاتوو، لەوانەیە دووبارە ئەو شەڕە دەستپێبکاتەوە.''
 
بە گوێرەى ئەنجامى بەرایی سەرژمێریی گشتی کە 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەچوو، ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیش دەگرێتەوە. قوباد تاڵەبانی گوتی: ''سەرژمێری ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئێمە 12.67٪ـی دانیشتووانی عێراق نین، بەڵکو زیاترین، بۆیە پێشبینی دەکەین لە بودجەی داهاتوودا پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.''
 
''ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە''
 
جێگری سەرۆکوەزیران کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، پشتڕاستی کردەوە کە ئەمڕۆ شەممە، شاندی باڵای یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
 
لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ نووسینەوەی رێککەوتنی سیاسی بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت پێکهێنراوە کە دوای پێنج کۆبوونەوە، 4ـی ئەم مانگە، لیژنەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، دوایین کۆبوونەوەیان کردووە و "لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان کراوە''، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەت پێکنەهێنراوە.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی: ''لە نێوان دوو حکومەت کە بە خێرایی هەڵبژێردرێت یان بە باشی، من دووەمیان هەڵدەبژێرم، چونکە ئێمە پێویستمان بە حکومەتێکە بە کردەوە نوێنەرایەتیی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات و حکومەتێک بێت کە سەرەتا لەگەڵ نێوخۆ و خەڵکی خۆی ئاشت ببێتەوە.''
 
جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت، کێشەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی جیاواز چارەسەر دەبن، ''بۆیە پێمان وایە لە هەرێمی کوردستان دەبێت حکومەت بە شێوەی ناناوەندی بەڕێوەبچێت.''
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە ''بێگومان شۆڕبوونەوەی دەسەڵات و نا ناوەندیبوونی، یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکومەتی داهاتوو دەبێت، چونکە سەلمێندراوە کە شێوەیەکی سەرکەوتووە بۆ بەڕێوەبردن.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوون گوتی: ''پڕۆسەکە هونەرییە و دەبێت لێکتێگەیشتنمان هەبێت و تێبگەین کێشەکان چین و لە کوێ سەریان هەڵداوە.''
 
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، خاڵیک کە هەردوولا لەسەری کۆکن ئەوەیە کە دەبێت لە ساڵی 2026ـدا بودجە لە پەرلەمانی کوردستان پەسندبکرێت و هەر وەزارەتێک پشکی خۆی لە بودجە هەبێت و پارەدار بکرێت؛ ''پێموایە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی باشتر بەڕێوەچوونی وڵات.''
 
''پێویستە زمانی پێکهاتەکان بکرێتە فەرمی''
 
جێگری سەرۆکوەزیران لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە مافی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''پێموایە بە چەند کورسییەکی پێکهاتە [لە پەرلەمان]، ناتوانین کێشەی پێکهاتەکان لە ژینگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین، بەڵکو دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە چۆن بتوانین پێکەوە هەندێک لەو پرسانەی گرنگن بۆ پێکهاتەکان، چارەسەریان بکەین''.
 
بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێکهاتەکانیان لەخۆگرتووە. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، ''زۆر ئاساییە لە پارێزگایەک کە ژمارەی پێکهاتەکان زۆرە، زمانەکەیان بکرێتە فەرمی، بۆ نموونە پێکهاتەی تورکمان لە هەولێر، ئەوە مافی خۆیانە.''
 
جێگری سەرۆکوەزیران بۆ پاڵپشتیی زیاتری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''نابێت ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن، دژی کولتووری پێکەوەژیان بن. دەبێت لە پەرلەمان و حکومەت کار لەسەر پرسی زمان، کولتوور و رۆژە پیرۆزەکانی پێکهاتەکان بکرێت''.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەرزە لەناو باخێک باریوە

کشتوکاڵی کرماشان: زریان و تەرزە بایی 1.6 ملیۆن دۆلار زیانی بە باخ و کشتوکاڵ گەیاندووە

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، زریان و تەرزەی چەند رۆژی رابردوو، بایی زیاتر لە 135 ملیار تمەن (یەک ملیۆن و 675 هەزار دۆلار) زیانی بە باخ و کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووە