رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، بە بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی تەمەنی خانەشینبوون، نزیکەی 7 هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن؛ پێشنیازیش دەکات خانەنشینبوونی ئەو مامۆستایانە بۆ دوای تەواوبوونی ساڵی خوێندن دوابخرێت.
عیسا حوسێن، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22-01-2025) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بڕیاری نوێی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ تەمەنی خانەنشینبوون رایگەیاند، بڕیارەکە 7 هەزار مامۆستا دەگرێتەوە، کە لەدایکبووی ساڵانی 1963، 1964 و 1965ـن.
عیسا حوسێن راگەیێندراوێکی یەکێتییەکەی خوێندەوە و گوتی، لە ئەگەری خانەنشینبوونی 7 هەزار مامۆستا لە یەک کاتدا، بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دەرکردووە، بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت جگە لە چەند چین و توێژێکیت تایبەت.
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان پێشنیاز دەکات بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی دارایی لەدوای تەواوبوونی ساڵی خوێندنی 2024-2025 بۆ مامۆستایان جێبەجێ بکرێت، ''واتا 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، چونکە زۆربەیان لە پۆلی 12 وانە دەڵێنەوە، یان بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و سەرپەرشتیارن.''
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت، هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت کە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی هەموارکراو پێی دەدات، ئەگەر مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدابێت.
پێشنیازێکی دیکەی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان ئەوەیە؛ خانەنشینبوونی مامۆستایان بە هەمان سیستمی حکومەتی فیدراڵی بکرێت لە رووی مووچە و شایستە داراییەکانەوە هاوشێوەی مامۆستایانی عێراق بن.
لە راگەیێندراوەکەی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایاندا ئەوەش هاتووە ''مافی پلەبەرزکردنەوە بۆ مامۆستایانمان بگەڕێتەوە کە زیاتر لە 10 ساڵە راگیراوە، بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینیان زیاد بکات.''
بەگوێرەی خاڵێکی دیکەی راگەیێندراوەکە؛ پێویستە هەوڵی جدی بدرێت بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە دوانەکەوێت و ''لەوە زیاتر مووچەخۆر نەبێتە قوربانیی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە عێراق.''
عیسا حوسێن گوتی ''پێویستە دەرگەی دامەزراندن بۆ سێکتەری پەروەردەش بکرێتەوە، چونکە بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، ژمارەیەکی زۆر مامۆستا خانەنشین دەکرێن و بۆشاییەکی زۆر لە ناوەندەکانی خوێندن دروست دەبێت.''
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دوای خانەنشینبوونی شەش بۆ حەوت هەزار مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن، پێشنیاز دەکات گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکانیش دەستپێبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ