رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سەرما و سۆڵە، ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگای کرماشان دەرگای قوتابخانەکان داخران. هەروەها بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و کارەبا، بە بڕیاری پارێزگاری کرماشان رۆژانی پێنجشەممە لەو پارێزگایە پشوو دەبێت.
لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە. بەهۆی شەپۆلەکەوە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای کرماشان، بەفر باریوە و پلەی گەرما دابەزیوە.
پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و سەرما و سۆڵە، هەروەها بۆ رێگریکردن لە کەمبوونەوەی گاز و کارەبای ماڵان، رۆژی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت و خوێندن بە ئۆنلاین دەبێت.
هەروەها بە بڕیاری پارێزگار و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبا لەلایەن دام و دەزگە و فەرمانگە حکومییەکانەوە، تا کۆتایی ئەم مانگی هەتاوییە، رۆژانی پێنجشەممە لە هەموو فەرمانگەکان جگە لە نەخۆشخانە، بانک و فەرمانگە خزمەتگوازییەکان پشوو دەبێت.
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکوو بڕینی گاز و کارەبا لە سەر ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانەکان و فەرمانگە حکومییەکان گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ