رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر مانای پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، "بەڵام پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانمان و بواری ئەمنیی سنوورەکان هێڵی سووری ئێمەیە."
رۆژی دووشەممە 22-01-2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان "زۆر باشە و لە هەموو بوارێکەوە هاوکارییەکی باشمان پێکەوە هەیە.''
ناسر کەنعانی لەبارەی هێرشەکەی شەوی 15-01-2024ـی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر گوتی، سەرەڕای پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ''بەداخەوە بە درێژایی ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشەی زۆر بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و هاووڵاتییان بینراوە و ئەمە سرووشتییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت سەبارەت بە ئاسایش و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی خۆی کەمتەرخەم بێت.''
هێرشەکەی سوپای پاسداران، بە 11 مووشەک کرایە سەر هەولێر کە پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن کە گیانلەدەستدانی خۆی و منداڵێکی کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێکە، لەگەڵ میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''ئاسایشی نەتەوەیی، بواری ئەمنیی سنوورەکان و هاووڵاتییانمان هێڵی سووری ئێمەیە و حکومەت و هێزە سەربازییەکانمان سەبارەت بە دابینکردنی ئەمنییەت و بەرگری لە ئاسایشی هاووڵاتییان درێخی ناکەن و بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەن.''
ناسر کەنعانی دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین پاڵپشتیکاری پاراستنی ئەمنییەت، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراقە و خوازیاری یەکگرتوویی و یەکپارچەیی زیاتری وڵاتەکەیە.
پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی، هەبوونی بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆسادە لە هەولێر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ''هەوڵی ئێران دژی بارەگای تیرۆریستیی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل- مۆساد لە هەولێر، پەیوەندیدار بوو بە سزادانی دەستدرێژیکاران بۆ سەر ئەمنییەتی ئێران، نەک کردەوەیەک دژی عێراق یان هەرێمی کوردستان.''
ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێن، ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە و تەنیا ماڵێکی خێزانی و شوێنێکی تەواو سڤیل بووە.
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
ناسر کەنعانی هۆکاری هێرشکردنە سەر هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هەڕەشە لەسەر ''ئاسایشی نەتەوەیی'' کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە و جەختی لەوە کردەوە، ''بەردەوام هەڵوێستێکی روونمان لەبارەی عێراق هەبووە و لە چوارچێوەی هاوکاریی ئەمنی و زانیاریی نێوان ئێران و حکومەتی عێراقدا، چەندین جار هۆشداریی پێویستمان بە بەرپرسانی عێراق داوە کە ئەمنییەتی نەتەوەیی [میللی] ئێران هێڵی سووری ئێمەیەیە.''
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ''بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هێزەکانی رژێمی زایۆنی و پەیوەندییەکانی مۆساد لە هەولێر و هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نییە و سەرەڕای ئەوەی پابەندین بە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، بەردەوام لە چوارچێوەی دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کار دەکەین."
ناسر کەنعانی گوتیشی، ئێران بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و لەنێوبردنی تەواوی هەڕەشەکانی سەر هەردوو وڵات، جەخت لە رێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ عێراق دەکاتەوە و لە داهاتووشدا لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت.
پێشتر لە 19ـی ئادارى 2023، قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق و عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەوکاتی ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد. یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ