کچە خوێندکارێک لە لوڕستان بە 'دەستڕێژی گولـلە'ی هێزەکانی ئیتڵاعات کوژرا

22-01-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای نەوەستانی ئۆتۆمبێلێک، هێزەکانی ئیتڵاعاتی شاری بروجێردی پارێزگای لوڕستان تەقەی لێ دەکەن و بەهۆیەوە یەکێک لە سەرنشینەکانی کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندارە. رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەڵێت، هەردووکیان خوێندکار بوون.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی رۆژی هەینی 19-01-2024 هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران لە گەڕەکی نیزامئاوای شاری بروجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستان، تەقەیان لە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کردووە و بەهۆیەوە کچێکی تەمەن 20 ساڵ بەناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، خوێندکاری قۆناخی یەکەمی بەشی وەرزشی زانکۆی ئازادیی [ناحکومیی] شارەکە گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کەسێک بە ناوی "م. جەلاییفەر"، خەڵکی شاری بروجێرد شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، ئەویش خوێندکارە و بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
 
وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیتڵاعاتی بروجێرد هەوڵی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە، بەهۆی ئەوەی کە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە، شۆفێرەکە ترساوە و هەڵاتووە، "کەچی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات دەستڕێژی گوللـەیان کردووە."
 
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکانی شاری بروجێرد هیچیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام موسلیم مورادی، قایمقامی شارەکە رووداوەکە دەبەستێتەوە بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی ئێران و بە میدیا خۆجێییەکانی راگەیاند، "دوای کردەوە تیرۆریستییەکانی کرمان و سیستان و بەلووچستان، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی دزیکردن، هێزەکانی پۆلیس بۆ پشکنین، چاودێری و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەر جووڵەیەکی نایاسایی، کە ئاسایشی کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، لە ئامادەباشیدان."
 
موسلیم مورادی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەم بارەوە هێزەکانی پۆلیسی شاری بروجێرد گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت هەبووە و دوای ئەوەی فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە، ئەوان گرنگییان بە هۆشدارییەکە نەداوە و هەڵاتوون."
 
قایمقامی بروجێرد بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە کچێکی 20 ساڵان بووبێت گوتی، "سەرنشینان بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون و دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە، ئێستاش لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە و هۆکاری هەڵاتنیان بەردەوامە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، "ئاماهیتا ئەمیرپوور بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعات کوژراوە و هەروەها (م. جەلاییفەر)یش بە گولـلە بریندار بووە."
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، "ناوەندە ئەمنییەکان لە دوو رۆژی رابردوودا گوشاریان خستووەتە سەر کەسوکاری ئەم دوو خوێندکارە کە لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک بڵاو نەکەنەوە و هەر پەیوەست بە باباتەکە دوێنێ یەکشەممە، دوو فەرمانبەری نەخۆشخانەی شەهید چەمرانی بروجێرد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە