رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی دووشەممە پرۆسەی دادگاییکردنی چوار تۆمەتبارەکەی رووداوی مێردینی باکووری کوردستان دەستپێبکات، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج هاونیشتمانیی پارێزگای دهۆک.
رۆژی یەکشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2023، پارێزەرانی بارۆی مێردین رایانگەیاند کە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە" چوار تۆمەتبارەکەی رووداوەکەی نسێبین دەچنە بەردەم داواکاری گشتی و بڕیار لەسەر دادگاییکردنیان دەدرێت.
دوێنێ ماوەی یاسایی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چوار کەسەی تۆمەتباربوون لە رووداوەکەی مێردینی باکووری کوردستان کۆتایی هات. بەڵام ئەمڕۆ پارێزەرانی بارۆی مێردین رایانگەیاند: "ماوەکە بۆ دوو رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە و بڕیارە رۆژی دووشەممە هەر چوار تۆمەتبارەکە بچنە بەردەم داواکاری گشتی." لەوێ، گوتەکانیان لێوەردەگیرێت و دواتر پرۆسەی دادگاییکردن بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە باکووری کوردستان، یەكێک لە تۆمەتبارەکان خەڵکی پارێزگای شرنەخە و سێ کەسەکەی دیکەش خەڵکی شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای ماردینی باکووری کوردستانن. یەكێک لەوانەی دانیشتووی نسێبینە، کە دوێنێ رووداو هەڤپەیڤینی لەگەڵ براکەی کرد، بە تاوانباری سەرەکیی رووداوەکە دادەنرێت، ئەو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو "تەنیا شۆفێری بۆیان کردووە و لە رووداوەکەدا تێوەگلێندراوە."
شوێنی رووداوەکە 20 کیلۆمەتر لە نسێبینەوە دوورە و دەکەوێتە سەر رێگەی نسێبین و مێردین کە بە رێگەی ئاوریشم دەناسرێت. لە مێردینیشەوە 60 کیلۆمەتر دوورە.
دوای رووداوەکە تۆمەتبارەکان لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە چوونەتە ناوچەی مێردین و دواتر چوونەتە نسێبین و پاشان چوونەتەوە بۆ ماڵەکانیان و دەستبەسەرکراون.
بەیانیی ئەمڕۆ شاندێکی کۆمەڵگەی سڤیل و رۆشنبیران لە مێردینەوە سەردانی دهۆکیان کرد بۆ ئەوەی سەرەخۆشیی خۆیان بە ماڵباتی قوربانییان بگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ