رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی دەرچووی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، بە ژماردنی دەنگی تایبەت، زیاتر لە 20 هەزار دەنگ دەخرێتە سەر دەنگەکانی پارتی ''رەنگە لەسەر ئاستی نەینەوا بە شەش کورسی ببینە لیستی یەکەم.''
رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023، ئەحمەد دووبەردانی، بەربژێری دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە نەینەوا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''دوای ژماردنەوەی دەنگی سندووقەکانی دەنگدانی تایبەت، لەسەر ئاستی نەینەوا دەبینە لیستی یەکەم.''
ئەمڕۆ دەنگی نزیکەی دوو هەزار سندووقی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستیان بۆ دەکرێت کە زۆربەیان دەنگی تایبەتن. پارتی لە نەینەوا سەرەڕای ئەوەی چوار کورسی بەدەستهێناوە، چاوەڕێی کورسیی زیاترە، ئەحمەد دووبەردانی لەوبارەوە گوتی، ''بێگومان بە دەنگە تایبەتەکانەوە زیاتر لە 20 هەزار دەنگ بۆ پارتی زیاد دەبێت، پێنجەم کورسیشمان مسۆگەرە و رەنگە بگەینە شەش کورسیش.''
پێشتر پارتی لە نەینەوا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەستەوە بوو، بەگوتەی ئەو بەربژێرەی پارتی، رێککەوتنێک لە نێوان کورد و عەرەب لە پارێزگاکە هەیە کە ''ئەگەر پۆستی پارێزگار بە لایەنی عەرەب بێت، دەبێ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن بدرێتە کورد، ئەمەش لە داهاتوودا بە رێککەوتن یەکلایی دەکرێتەوە.''
پارێزگای نەینەوا 26 کورسی و سێی کۆتای هەیە، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نەینەوا، لیستی نەینەوا لیئەهلیها پێنج کورسی، پارتی چوار کورسی، ئەهلی نەینەوا دوو کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدوم دوو کورسی، لیستی سیادە دوو کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا دوو کورسی، عەقد وەتەنی سێ کورسی، وەتەنی لیتەجدید دوو کورسی، لیستی حەسم دو کورسی و عەزم یەک کورسی بەدەستهێناوە.
وەک ئەحمەد دووبەردانی ئاماژەیدا، "تائێستا روون نییە پارتی وەک هێزێکی سەرەکی، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە نەینەوا لەگەڵ کامە لایەن دەچێتە هاوپەیمانێتییەوە. دوو پۆستی پەروەردە و تەندروستی لە نەینەوا بۆ کورد زۆر گرنگن و سەرەڕای پۆستی دیکە، لە داهاتوودا هەوڵ دەدرێت ئەم پۆستانە وەربگرن."
رۆژی 16ى کانوونى یەکەم دەنگدانى تایبەت و لە 18ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و عێراق کرا. کە هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رانەگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ