ئەحمەد عەسكەری: ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبێتەوە، دەبێ هەڵبوەشێتەوە

21-11-2017
نەوزاد جەمال
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای 16ی ئۆکتۆبەر یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای 16ی ئۆکتۆبەر یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

رووداو - کەرکووک

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبێتەوە، دەبێ هەڵبوەشێتەوە.

ئەحمەد عەسكەری بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك کۆبوونەبێتەوە و ئەرکەکانی رانەپەڕێنێت، ئەوا هەڵوەشاندنەوە چاوەڕووانی دەکات.


سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 21-11-2017ی بۆ کاتێکی نادیار دواخستبوو، بەڵام هەمان رۆژ کۆبوونەوەکە لە کەرکووک ئەنجامدرا.

لە سەرەتادا 15 ئەندام ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و رێژەی یاسایی تەواونەکرا، بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامەکانی پارتی لە لیستی برایەتی، گرووپی عەرەبی و تورکمانی، لەکاتێکدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لانی کەم پێویستی بە ئامادەبوونی 21 ئەندام هەیە لە کۆی 41، تاوەکو رێژەی یاسایی تەواو بکات. بۆیە کۆبوونەوەکە بۆ ماوەیەک دواخرا و گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی عەرەب و تورکمان کرا تاوەکو رازی بکرێن بەشداری کۆبوونەوەکە بن، لە ئەنجامدا 22 ئەندام ئامادەبوون و کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە پێشنیوەڕۆ بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان کۆبوونەوەکە دواخرا، بەڵام نزیکەی کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ رێژەی یاسایی تەواوبوو و كۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا".

کۆبوونەوەکە بەبێ ئامادەبوونی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەسترا، کە بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی نەیتوانی بگەڕێتەوە شارەکە، بەڵام دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەندامی ئەنجوومەن لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی، بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.

رێبوار تاڵەبانی پێشتر رایگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامدەدرێت، بەڵام شەوی پێش کۆبوونەوەکە، بە هۆكاری رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر شوێنی كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا كۆبوونەوەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

پێشتر ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "ئەگەر رێژەی یاسایی ئەندامان تەواوبێت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامدەدەن".

لە دوای رووداوەكانی 16ئۆكتۆبەر، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە، بەڵام هیچ بڕیارێکی لێنەکەوتەوە، کە دیارترینیان دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێیە بۆ کەرکووک و چاوەڕوان دەکرا ئەنجوومەن یەکلای بکاتەوە. بۆیە ئەو پرسە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی لەبەردەم ئەنجوومەکەدا ماوەتەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە