پێنیشاندان

21-11-2016
گۆران محەممەد
نیشانەکردن گۆڕان خۆپیشاندان سلێمانی
A+ A-

بە تەنیا دەنگەكانی رێزدار عەلی حەمە ساڵح (كە دۆستایەتی و هاوڕێیەتیمان بۆ پێش گۆڕان دەگەڕێتەوە) لەگەڵ دەنگەكانی هێژا هەڤاڵ ئەبوو بەكر (كە هەر ناشیناسم) شتێك لە خوار چوارسەت هەزار دەنگەوەن. یانی ئەگەر نیوەی دەنگدەرەكانی ئەو دوو بەڕێزە رۆژی شەممە بهاتنایەتە سەرشەقام، شەممەی هەڵوێست دەبووە شەممەی زەلزەلە، كەچی شەقامێكی چۆڵ و هۆڵ، هەر بایی دەنگدەرەكانی رێزدار فەخرەدین قادر هاتبوونە دەرێ كە خۆیشی پێی سەیرە لە هەڵبژاردندا دەرچووە.

لەملاوە لەوەتەی ماوەی یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێم تەواو بووە، لەولاشەوە لەوەتەی كاك ئاشتی وەزارەتی كارەساتە سروشتییەكانی وەرگرتووە، هەم دكتۆر هەڤاڵی هێژا و هەمیش خاڵە عەلی بانگەشەی خەباتی مەدەنیی دەكەن، هانی خەڵكی دەدەن بڕژێنە سەر شەقام، كارێكی چاكیشیان كردووە و دەكەن، فەقە كە هەر ئەو خەڵكەی دەنگیان پێداون بە قسەیان ناكەن و نایەن، كە شەممەی هەڵوێست دەكەنە شەممەی بێپێز (1) و ریسی دوو ساڵ هات و هاوار دەكەنەوە خوری، مانای وایە ئەو خەڵكەش ئیتر لەوە تێگەیشتووە كە ئەوە خۆنیشاندان نییە و پێنیشاندانە.

جا قوربان ئەگەر دەپرسی ئەوە كێیە، چی بە كێ نیشان دەدا؟ ئەوەیان باسێكی دیكەیە و هەویرێكە ئاو زۆر دەكێشێ. ئاخر پێنیشاندان جۆری زۆرن، بۆ نموونە حكومەت لەڕێی سیستەمی پاشەكەوتەوە، ستەمی نیشانی فەرمانبەر داوە. كاك ئاشتییەك هەیە، زۆر عەنتیكەیە، بەس خۆی دەزانێ چی نیشانی كێ دەدا، ئاخر ئەم بە موڵك سڕف وەزارەتێكی هەیە هەر عەینەن مریشك وایە، هەم هێلكە دەكا و هەم جیقنە، تا ئێرە بەسە خۆ ناشێ هێلكەكەشتان بۆ بكەمە رۆنەوە.

قوربان حیزب هەیە بە پەرلەمانی نیشان دەدا، پەرلەمانی كڵۆڵیش مەگەر هەر بەیەكتری نیشان بدەن. ئۆپۆزیسیۆن بە حیزبی دەسەڵاتی نیشان دەدا، حیزبی دەسەڵاتیش بە ئەرز و ئاسمان. ئەم قسەیە شمولی كۆمەڵ و یەكگرتوو ناكا، ئاخر ئەوان جارێ لە قۆناغی خولانەوەن و نەگەیشتوونەتە ئاستی ئەوەی هیچ بە كەس نیشان بدەن، بە كوردییەكەی، ئەوە نین.

گۆڕان خەریكە دەبێتە دەستە خوشكی حیزبی شیوعی، ئاخر سەروەختایەك لە كوێرە گوندێكیشدا هەشت نۆ شیوعی هەبوون، كەچی ئێستا دوای تەمەنی پیرە كیسەڵێك لە خەبات، ئەگەر حیزبی شیوعی سێ مانگ بانگەشە بۆ كۆبوونەوەیەك بكات، هێندەی عەزیز وەیسی جەماوەری پێ كۆنابێتەوە ئەگەر دوو رۆژ پێشتر بانگەشەی ئاهەنگێك بكات.

شەقامی فەلەستینی، حەماسی هێنایە سەر حوكم، شەقامی میسرییش مورسی، بۆیە هەرچی لە شەقامەوە بوو هەمزاغا نییە.

بێپێز: بە هەویرێك دەوترێ باش هەڵنەهاتبێ

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە