رێباز حەملان: نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکە دەگات و لیستی مووچە ئامادەیە

21-10-2023
پەیمان محەممەد
لێدوانی رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژنامەڤانان
لێدوانی رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژنامەڤانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لیستی مووچەی ئامادەکردووە.
 
رۆژی شەممە 21-10-2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق دوای 20ـی مانگ مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان دابەش دەکەن، دوای ئەو وادەیەش بە چەند رۆژێک بڕی 700 ملیار دینارەکە بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. 
 
رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، ''پێموایە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو [700 ملیار دینارە] دەگاتە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییش لیستی ئامادەیە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەکات.''
 
رۆژی 14ـی ئەیلوول، شاندێک بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەردانی بەغدایان کرد. پاشان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بنێرێت. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق لەو بڕە پارەیە 700 ملیار دیناری ناردووە.
 
بەهۆی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان وەرنەگرتووە، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''پێموانییە لەمەودوا دواکەوتنی مووچە یان هیچ کێشەیەکی دیکە دروست ببێت.''   
 
بەغدا ئەو دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی ئەم ساڵ دەنێرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆی پێ دابین دەکات. رێباز حەملان سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵ دەڵێت، ''لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوە کراوە کە ئێمە لێکتێگەیشتنێکی سیاسیمان لەگەڵ لایەنە شیعەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی ناردنی مانگانەی 700 ملیار دینارەکە بەردەوام بێت.''
 
''لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من، بەغدا دان بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا دەنێت''
 
رۆژی 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی "هەژماری من"ی بۆ تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و گوتی، "هیوامان ئەوەیە تاوەکو دوو ساڵی دیکە ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆماربکرێت".
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەم پڕۆژەیە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان کە تا ئێستا ژمارەی پێنج بانک تێیدا بەشدارن و بێگومان ئەم دەرگەیە کراوەیە بۆ هەموو ئەو بانکانەی دەیانەوێت بەشدار بن لەو سیستمە.''
 
وەک رێباز حەملان گوتی، پڕۆژەی ''هەژماری من'' جگە لە ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی مووچەی مووچەخۆران، هەژماری هەموو مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان کە لەم بانکە ئەهلییەکانە، لای بانکی ناوەندیی عێراقیش دەناسرێت، ''ئەو کاتە بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی ئاسانە کە دان بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بنێن''.
 
بەگوتەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق "بەردەوام" لە هەولێرن و بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی چادوێریی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی وردبینیی لیستی مووچەی مووچەخۆرانن، ''ئەمانە هەمووی کاری زۆر باشن و پێشکەوتنێکی گەورە لە لێکتێگەیشتنی نێوان ئێمە و حکومەتی عێراق روویداوە، بۆ ئەوەی چی دیکە کێشەی مووچەی مووچەخۆران نەبێتە بابەتێکی سیاسی و جیا بکرێتەوە لە هەر ململانێیەکی دیکە''.
 
رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و باسیان لە بوارەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی، هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیریی ئابووری کرد.
 
رێباز حەملان گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کردنەوەی بانکی حکومیی ''نیشتمان'' لە هەرێمی کوردستان کرا کە هاوشێوەی بانکی رەشید و رافیدەین سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت. 
 
زیاتر لە حەوت مانگە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راوەستاوە. لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیان بەر عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەگەر هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێنەکاتەوە، لێکتێگەیشتن هەیە ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پاڵاوگەکانی نێوخۆی عێراقی بنێردرێن.''
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەوت.

نرخی نەوت بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە رۆژی سێشەممە، 96 سەنت بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.