prev
next
رووداو دیجیتاڵ
چەندین بارهەڵگری پڕ لە هاوکاریی مرۆیی و پێداویستی تەندروستی لە دەروازەی رەفەح لە میسرەوە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکران.
رۆژی شەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2023 میدیای فەرمیی میسر بڵاویکردەوە، دەروازی رەفەح بە رووی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززەی فەلەستین کرایەوە و وەکو یەکەمین هەنگاویش چەند بارهەڵگرێکی پڕ لە هاوکاری و پێداویستی پزیشکی رەوانەی کەرتەکە دەکرێن.
تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، "دواجار پێدەچێت لە ماوەیەکی کورتدا پێداویستییە تەندروستییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە بگەنە غەززە".
هاوکات، بەرپرسانی کەرتی غەززە گوتیان، "ئەو کاروانەی کە بڕیارە ئەمڕۆ بێتە نێو غەززە 20 بارهەڵگر پێداویستی پزیشکی و بڕێکی کەم خۆراک لەخۆدەگرێت".
بڕێکی زۆری هاوکاری مرۆیی لە دەروازەی رەفەح کۆکراوەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بڕی زیاتر هاوکاری و پێداویستی تەندروستی بگەیێندرێتە ئەو ناوچەیەی فەلەستین.
گەیاندنی ئەم یارمەتییە لە کاتێکدایە، دۆخی خەڵکی کەرتی غەززە زۆر خراپە، ئەوەش بەهۆی شەڕ و ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل بەسەریدا سەپاندوویەتی.
رۆژی هەینی 20-10-2023، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دا لە گیانلەدەستدانی هەزاران برینداری نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، ئەوەش بەهۆی نەمانی دەرمان، ئاو و کارەباوە.
گیلمێت تۆماس، رێکخەری پزیشکیی لقی فەلەستینی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور گوتی، "پزیشکان و پەرستاران هەمان چارەنووسی خەڵکی غەززەیان هەیە؛ لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەردەوام بۆردوومان کراون. هاوکارەکانمان پێمان دەڵێن کە لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە زۆرێک لە پزیشکان و کارمەندانی دیکەی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە."
کریستۆس کریستۆ، بەرپرس لەو رێکخراوەکە گوتی، "خەڵکی غەززە پێویستییان بە رێگەی گەیشتن بە سەلامەتی هەیە. دەبێت بۆردوومان بووەستێت، دەبێت کۆتایی بەو سزا بەکۆمەڵە ناشرینەی سەر خەڵکی غەززە بهێنرێت".
کریستۆ گوتیشی، "ئێمە وەک رێکخراوێکی مرۆیی و پزیشکی دەمانەوێت زۆر زیاتر لە توانای خۆمان پێشکێش بکەین، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە شتێکی ئەستەمە"؛ هەروەها رەخنە لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەگرێت و رایگەیاند، "چەند کاژێرێک پێش بۆردوومان ئاگادارمان دەکەنەوە، بریندارێکی زۆر لە نەخۆشخانەکان هەن کە برینیان زۆر سەختە".
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند.
دوای هێرشی حەماسیش بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیسرائیل گەیشتنی کارەبا، ئاو و خواردنیان بە کەرتی غەززە قەدەخەکرد و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییاندا لە دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ