ئاسایشی هەولێر خاوەنی 'مەلەفە زەخمەکان' دەستگیر دەکات: هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاوی لە خەڵک دەکرد

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
دانپێدانانی تۆمەتبارەکە.
دانپێدانانی تۆمەتبارەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی هەولێر کەسێک دەستگیر دەکات کە بە خاوەن و بەکارهێنەری گروپی 'مەلەفە زەخمەکان' ناسراوە. ئەو کەسە تۆڕێکی لە تەلیگرام هەبووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە خەڵکی کردووە لە ئەگەری ئەوەی پارەی پێنەدەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "دوای ئەوەی لەلایەن چەند هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمار کرا لەسەر هەژماری (دادە تیک تۆک)، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆ و وێنەی لە چەند کەسێک کردبوو، بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بە رێگەی تیمی تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون، توانیمان شوێن و ناسنامەی بەکارهێنەری (دادە تیک تۆک) ئاشکرا بکەین، بە ناوی (م. هـ. م.) دەستگیرمان کرد" 
 
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت: "لە لێکۆڵینەوە لەگەل تۆمەتباری ناوهاتوو بۆمان دەرکەوت خاوەنی گرووپی (مەلەفە زەخمەکان)ـە، لە تۆڕی (تەلیگرام) و خاوەنی هەژماری (شۆخان)ـە لە سناپ چات." 
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، ئەو کەسە "کەسێکی شارەزایە لەبواری تەکنیکی و لە شێوازی گفتوگۆکردندا توانیویەتی دەنگی خۆی بۆ ئافرەت بگۆڕێت و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی چەند پیاو و ئافرەتی تۆمار کردووە و لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنەکانیان بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە." 
 
ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییان دەکات کە "هەمیشە هاوکاری دەزگاکەمانن لە پێدانی زانیاری و داوا دەکەین کە ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن لە تۆڕەکانی پەیوەندی و متمانە بەکەسانی نەناسراو نەکەن، تاوەکو نەبنە قوربانی." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە