رووداو دیجیتاڵ
چوونی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران بۆ کەربەلا بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەردەوامە. لە هەردوو دەروزەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە خزمەتگوزاریی بێبەرامبەریان پێشکێش دەکرێت.
ئەم ساڵ لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران دەچنە کەربەلا.
دەروازەی حاجی ئۆمەران: 75 هەزار زیارەتکار هاتووچۆیان کردووە
بۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە. مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان وەکو رووی مۆرکردنی پاسپۆرت بە خێرایی، جێگە بۆ مانەوە، تەندروستی، گواستنەوە و ئاسایش بۆ زیارەتکاران دابینکراوە".
دوای گەیشتنی زیارەتکاران، چوار وێستگە دیاریکراون بۆ پشوودانیان. وێستگەی یەکەم لە حاجی ئۆمەرانە؛ وێستگەکانی دیکەی پشوودان لە کانی ماران لە سنووری سۆران، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بازگەی شێراوان. مەسعود باتێلی دەڵێت، شوێنی مانەوە، ئینتەرنێت و ئامێری فێنککەرەوە بۆ زیارەتکاران دابینکراوە.
سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران گوتی، لە رۆژانی رابردوو 75 هەزار زیارەتکار هاتووچۆیان کردووە. گوتیشی، "دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆڵی باڵای گێڕاوە و سەرپەرشتیی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکات و سەرجەمیان بێ بەرامبەر دابینکردووە".
پارێزگاری سلێمانی: لە حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو سلێمانی خزمەتگوزاری پێشکێشی زیارەتکاران دەکرێت
لە 11ـی ئابەوە سەردانی زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە باشماخەوە تاوەکو لە سلێمانی دەردەچن، چەند شوێنێک بۆ پێشوازی و پشوودانی زیارەتکاران دیاریکراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیان پێشکێش دەکرێت".
پارێزگاری سلێمانی گوتی، هاتنی زیارەتکاران بەردەوامە و رۆژانە لەلایەن تیمی هاوبەشەوە کە هاوئاهەنگییان پێکەوە هەیە پێشوازییان لێ دەکرێت.
دەروازەی باشماخ لە راگەیێندراویکدا دەڵێت، تێچووی خزمەتگوزاری و گەیاندنی زیارەتکاران لە دەرەوازەکەوە تاوەکو سلێمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەستۆی گرتووە.
وەزارەتی گواستنەوە: بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران 3500 پاسمان دابینکردووە
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، سێیەم ساڵە لەسەر یەک پاس بۆ زیارەتکاران بێبەرامبەر دابین دەکەن، کە ئەم ساڵ 3500 پاسیان بۆ ئەو زیارەتکارانە دابینکردووە لە حاجی ئۆمەرانەوە گەشتەکەیان دەکەن.
گەڕانەوەی زیارەتکارەکان دەستپێکردووە. دیلان رەشاد گوتی، گەڕانەوەی زیارەتکاران لە کەربەلا و نەجەفەوە تاوەکو دەروازەی حاجی ئۆمەران هەر لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب.
سەیید کەمال هادیانفەڕ، سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لە وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەڵێت، "ئەم ساڵ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن چوار ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیمان روو لە عێراق دەکەن کە 62%یان بە رێگەی وشکانی و 38%یش لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتەکە دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ