رووداو دیجیتاڵ
نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و چەند جۆرێکی کیلۆی دوو هەزار دینارە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، هۆکاری بەرزبوونەوەکە بردنی تەماتەیە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو جۆر تەماتەی خۆماڵی هەیە؛ جۆرێکیان هەر بە کوردی ناسراوە و لە عەلوە بە کۆ کیلۆی هەزار و 500 دینارە و جۆرەکەی دیکەش هەزار دینارە.
ئەو تەماتەیەی بە کوردی ناسراوە لە بازاڕدا کیلۆی دوو هەزار دینارە و جۆرەکەی دیکەش هەزار و 500 دینارە.
هەر ئەمڕۆ هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەند جۆرێک تەماتەی نێوخۆیی لە عەلوەی هەولێر هەن کە بەشێکیان بە کۆ کیلۆی 750 دینارە، تەماتەش هەیە کیلۆی هەزار دینارە و هەروەها هەیە کیلۆیەکی بە کۆ هەزار و 500 دینارە.
هەفتەیەک پێشتر کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەکان 500 بۆ 600 دینار بوو.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە، سەروەر عەلی دەڵێت، "لە دەروازەکانی عێراقەوە تەماتەی ئێرانی هاوردە دەکرا. ئێستا عێراق دەروازەکانی تایبەت کردووە بە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن و تەماتەی بۆ ناڕوات؛ بۆیە لە هەرێمی کوردستانەوە دەیبەن".
سەروەر عەلی گوتی، ئێستا تەماتەی هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق خواستی زۆری لەسەرە و دوێنێ هەر لەنێو کێڵگەکەدا لە پێنجوێن کیلۆیەک تەماتە بە کۆ دراوەتە 900 دینار.
لە وەرزی پێگەیشتنی هەر بەرهەمێکی نێوخۆییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران قەدەخەی دەخاتەسەر. لەو چوارچێوەدا هاوردەکردنی تەماتە قەدەخەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ