کوردستان
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەم ساڵیش دەیانەوێت هاوشێوەی پار، سەرجەم دەرچووانی 12 وەربگرن.
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکی دیکە تاقیکردنەوەی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان زانکۆلاین کارا دەکرێت بۆ ئەوەی دەرچووان داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێش بکەن.
17ـی ئاب تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. چوار تاقیکردنەوە ماون و کۆتایی ئەم مانگە دوایین تاقیکردنەوە دەکرێت.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای دەرچوونی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم و گەیشتنی ئەنجامەکان بە وەزارەتمان، کاراکردنی زانکۆلاین رادەگەیێندرێت".
توانا نەجەف گوتیشی، پلان و هەوڵیان بۆ ئەوەیە ئەم ساڵیش هاوشێوەی پار دەرفەتی وەرگرتن بۆ تەواوی دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بڕەخسێنن.
ساڵی رابردوو لە 02ـی مانگی 9 بۆ 14ـی هەمان مانگ زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی کارا بوو.
24ـی ئەیلوولی 2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 راگەیاند.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 47 هەزار 788 خوێندکار لە پۆلی 12 دەرچووبوون؛ 30 هەزار و 661 قوتابی بەشی زانستی، 15 هەزار و 716 قوتابی بەشی وێژەیی، 159 قوتابی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1250 قوتابی پیشەیی.
لەو ژمارەیە 37 هەزار و 290 قوتابی لە دەرچووانی 2023 داواکارییان پێشکێشکرد؛ 2598 قوتابی دەرچووانی ساڵی 2022 بوون؛ 6882 قوتابی دیکەش ساڵانی پێشووتر دەرچووبوون و داواکارییان پێشکێشکردووە.
لە کۆی هەموو ئەوانەشی کە داواکارییان پێشکێشکردبوو، ساڵی رابردوو 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ