رووداو دیجیتاڵ
تورکیا بە سەختی گوندی کۆنی گوھەرز و بەڵاڤە لە دەڤەری نھێلی سەر بە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردمان و تۆپباران دەکات. دانیشتویەکی گوندی گوھەرز دەڵێت، تۆپبارانی هەڕەمەکی ھەیە و ترس و دڵەراوکێی خستووەتە نێو خەڵکەوە.
رەڤەند گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گوهەرز بە رووداوی راگەیاند، سێ کاژێرە لەسەر یەک تۆپباران و بۆردوومانکردنی ناوچەی نهێل لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە و "12 تۆپی هەڕەمەکی بەر گوندی کۆنی گوهەرز و بەڵاڤە و بناری چیای مەتین کەوتوون و ترس و دڵەڕاوکێیان خستووەتە نێو خەڵکی ناوچەکە."
ئەو هاونیشتمانییە لەرێگەی رووداوەوە داوا دەکات، لایەنەکان بێنە سەر هێڵ و ترس و شڵەژانی خەڵکی بڕەوێننەوە.
مەلا بێوار رەشاڤەیی، دانیشتووی ناحیەی دێرەلووک کە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە گەلیی رەشاڤە دوورە، بە رووداوی گوت، سێ کاژێرە شەڕێکی قورس لە ناوچەی نهێل و هێتووتی کۆن نزیک گەلی رەشاڤە هەیە. دەنگی هەموو جۆرە چەکی سووک و قورس دەبیسترێت و ئاگر لە ئاقاری گوندی رەشاڤە و هێتووتی کۆن کەوتووەتەوە.
لەبارەی زیانەکانیش، مەلا بێوار رایگەیاند، بۆردوومانەکان زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی مادییان هەبووە و پاوان و بەشێکی دارستانی سووتاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ