رووداو دیجیتاڵ
لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نوێنەرێک دیاریکرا بۆ بەدواداچوونی کەیسی ئەو هاونیشتمانییانەی بە ڤیزەی ساڵی چوونەتە سعودیە و چارەنووسیان نادیارە.
سیروان عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف لە دەستەی باڵای گشتیی حەج و عومرەی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەلایەن جەنابی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوم بۆ بەدواداچوونی ئەو حاجییانەی بە ڤیزەی ساڵی لە سعودیەن و چارەنووسیان نادیارە."
ئەم ساڵ بە فەرمی 4685 هاونیشتمانی چوونە سعودیە بۆ حەج، بەڵام ژمارەیەکی دیکەی نەزانراو بە ڤیزەی یەک ساڵی و دوور لە رێکارە فەرمییەکان چوون بۆ حەجکردن و ئێستا ژمارەیەکیان بێسەروشوێنن.
سیروان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لەلایەن کۆمپانیاکانی حەج و عومرەوە ناوی 18 حاجیمان پێدراوە کە بێسەروشوێنن و ئێمەش هەوڵ بۆ زانینی چارەنووسیان دەدەین."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستەی حەجی عیراقی گوتی، ئێستا لە کۆنسوڵخانەی عێراقە لە شاری جەدە و ناوی حاجییە بێسەروشوێنەکانی داوەتە کۆنسوڵخانەکە، چونکە بە فەرمی ئەوان دەتوانن بەدواداچوون و گەڕان بۆ چارەنووسیان بکەن.
تاوەکو ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی 23 حاجیی هەرێمی کوردستان پشتڕاست کراوەتەوە، لەو ژمارەیەش 22یان لەو کەسانەن بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە حەج و کەسەکەی دیکەش بە فەرمی و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چووە.
ئەمشەو کاروانی حاجییان لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوێت و گەشتە ئاسمانییەکانیش 24ی ئەم مانگە دەستپیدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ