کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران یاداشتنامەیەک واژۆ دەکەن

21-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سەردانیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئێران لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان یاداشتێکیان واژۆ کرد. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، دەیانەوێت گەشتیاری زیاتر بێننە هەرێمی کوردستان.

کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئێران بە ئامادەبوونی 30 کۆمپانیای وڵاتەکە دوای مانەوەیان بۆ سێ رۆژ لە هەرێمی کوردستان، یاداشتێکیان لەگەڵ کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە راکێشانی گەشتیاری زیاتری دەرەوەی عێراقە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئێران لەکاتی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی ناوچە گەشتیاری و مێژووییەکانیان کردووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: "ئامانجمان دروستکردنی پردی پەیوەندییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ئێرانەوە دێن زیاتر ببن".
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو لە نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار و سەردانیکاردا بۆ هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ملیۆنیان لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون، لەو ژمارەیەش زۆرینەیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوون.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت: "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، هاتنی گەشتیارانی دەروەی عێراق زۆر زیادی کردووە".
 
رۆژانی شەش بۆ نۆی ئەم مانگە، بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی (ATM) لە شاری دووبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو. ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، دەستەی گەشتوگوزار و 70 کۆمپانیای گەشتیاریی هەرێمی کورستان لە بازاڕەکەدا بەشدارییان کردووە و لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا گفتوگۆیان کردووە و "لێکنزیبوونەوەی باش"یان هەبووە.
 
هەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 150 کۆمپانیا گەشتیاری ئێرانییان هێناوەتە هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانیان پێ ناساندوون.
 
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاریی تۆمارکراون بەم شێوەیەن:
 
- هۆتێل 468
- موتێل 267
- کۆمەڵگەی گەشتیاری 33
-گوندی گەشتیاری 20
- توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە 63 هەزار و 682
- چێشتخانە - رێستۆرانت 524
- کافتریا 657
- کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری 518

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''