کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر: پەیامم پێگەیشتووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک ئامادەکاری بکەین

22-05-2024
پەیمان محەممەد
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر.
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و پێشوازیی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی باڵادا، نیشاندەری پەیوەندیی دێرینی نێوانیانە و ئەم سەردانانە دەتوانێت بیرهێنەرەوەی پەیوەندییەکان بێت و پەرەیان پێبدات".
 
نەسروڵڵا رەشنوودی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا کە نوێنەر فاتیح، پێشکێشیکرد رایگەیاند، "ئێمە هەر بەو شێوەیەی سەرۆکی هەرێم گوتی، لە سەرجەم ئاستەنگەکاندا لەگەڵ یەکدی بووینە و دەکرێ بەردەوامیش بین".
 
رەشنوودی لەبارەی کاریگەریی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "بەشی هەرە زۆری هاوسنووریی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و پەیوەندییەکی کۆن و کاریگەرمان پێکەوە هەیە، ئەو پەیوەندییانە رێکخراون و هیوادارین کە سەرپەرشتی نوێی وەزارەتی دەرەوە و سەرپەرشتی نوێی دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەر بەو شێوەیە بڕۆنە پێش و هەوڵبدەن ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت".
 
کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، لە وەڵامی پرسیارێکی نوێنەر فاتیحدا گوتی، "ئینشائەڵڵا لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن دەکرێت. لە ئێستاوە رێکارەکان گیراونەتەبەر و من ئەمڕۆ لەوبارەوە پەیامێکم پێگەیشت کە بۆ هەڵبژاردن ئامادەکاری بکەین، لە ئێستاوە دەستبەکار بوونە و ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت."
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی نەسروڵڵا رەشنوودی لەگەڵ رووداو
 
رووداو: تێڕوانینی ئێوە لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە چییە؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: زۆر سوپاس، بەناوی خودا، سەرەتا بۆ شەهیدبوونی سەرۆککۆماری شەهیدمان و هەروەها رێزدار، وەزیری دەرەوەش، شەهید ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و هاوڕێیانیان سەرەخۆشی لە هەموو گەلی خۆشەویست و هاووڵاتییانی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستان دان و هەموو لایەنگران و هەموو ئەوانەی کە بەشدارییان کرد لە پرسەکەمان و لە تیانووسی یادەوەرییەکاندا، یاداشتی خۆیان نووسی.
 
ئەمڕۆ ئێمە پرەسە و یادکردنەوەی شەهیدانمان لە کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەبرد و لە یەکەم کاژێرەکاندا بەرپرسانی بەڕێز، گەورەپیاوان، مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتیی جۆراوجۆر سەردانیان کردین و لە خزمەتیاندا بووین. کۆنسوڵی جیاجیا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ توانییان ئامادە بن و ئێمە ماوەی سێ رۆژ رێوڕەسممان دەبێت، لە کاژێر 9ـی بەیانی تاوەکو 4ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەر بەو شێوەیەی کە ئاماژەت پێدا، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان و بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە رێوڕەسمەکەی ئێمەدا ئامادە بوون و شاندێک لە لایەن  بەڕێز بارزانی بە سەرپەرشتیی بەڕێز فازڵ میرانی سەردانیان کردین. گەورەپیاوانی دیکە و سەرۆکی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان، بزووتنەوەی ئیسلامی، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە. گرووپە تورکمانەکان ئەمڕۆ سەردانیان کردین و ئامادە بوون لە نوێنەرایەتی و هاوخەمی خۆیان دەربڕی. هاوخەمی ئەو هاوڕێیانە نیشاندەری پەیوەندیی باشی نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستانە. لە کاژێرەکانی یەکەمی ئەم رووداوە کە هێشتا روون نەبوو سەرنشینی هێلیکۆپتەرەکە شەهیدبوونە، پەیامێکی زۆرمان بۆ هات کە نزای تەندروستییان بۆ دەکردن و لە کاژێرەکانی یەکەمی دوێنێ کە هەواڵی شەهیدبوونی سەرنشینەکانی هێلیکۆپتەرەکە گەیشت، پەیامی هاوخەمییان گەیشتە دەستمان، بەتایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و هەروەها کاک مەسرور بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وەکو یەکێتیی نیشتمانی و سەرجەم ئەو لایەنانەی کە ناوم هێنان و ئەو لایەنە سیاسییانەی کە رەنگە من ناویانم لەیاد کردبێت. ئەو هاوخەمییە نیشاندەری پەیوەندیی باشی دوولایەنەیە.
 
رووداو: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یاداشتەکەیدا چی نووسی؟
 
لە راستیدا من لەوێ وەستابووم، بەڵام تەماشام نەکرد کە ئەو چی دەنووسێت، چونکە رەنگە دوور لە رێز (ئەدەب) بێت کە من راستەوخۆ لە سەر سەری بوەستم و تەماشای بکەم، بۆیە تەماشام نەکرد، هێشتاش نەمخوێندووەتەوە کە بەڕێزیان چییان نووسیوە، بەڵام بێگومان هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە و هاتوون خۆیان لەو کارەساتە بە هاوبەشی ئێمە زانیوە و هیوادارین کە بتوانین لە خۆشییەکانیاندا قەرەبووی بکەینەوە.
 
رووداو: لە تاران پرسەیەکی گەورە بەڕێوەدەچێت، ئەو رێوڕەسمە چۆن دەبێت؟

نەسروڵڵا رەشنوودی: سبەی پێشنیوەڕۆ لە تاران رێوڕەسم و پرسەی گشتییە و لە زانکۆی تارانەوە تاوەکو گۆڕەپانی ئازادی، تەرمی شەهیدان لەلایەن خەڵکەوە پرسەی بۆ دەکرێت، دوانیوەڕۆی سبەی لە کاژێر 14:00ـوە تاوەکو 20:00 شاندی بیانی لە شوێنی کۆنفرانسی ئیسلامی ئامادە دەبن و لە پرسەکەدا بەشدار دەبن، بە جیا لەگەڵ بەڕێز موخبر دیداریان دەبێت، هەرکامەیان بە جیا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستە دەکەن و رێوڕەسمەکە لە کاژێر 20:00 تەواو دەبێت.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان و عێراق کێ بەشداری لە پرسەکەدا دەکات لە تاران؟  

نەسروڵڵا رەشنوودی: لە هەرێمی کوردستان شاندێک بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەشدار دەبن، ئامادەکاری سەردانەکانیشیان رۆیشتوون. ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا دەچن و هاوئاهەنگیی پێویست کراوە. باڵیۆزخانە هاوئاهەنگی بۆ شاندی عێراقی دەکات و من ئاگاداری نیم، چونکە ئەمڕۆ کاتم نەبوو و لە خزمەت میوانەکان و ئامادەبووانی پرسەکەدا بووم و پرسیارم نەکرد.
 
رووداو: لە تاران رێبەر بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکات؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: لەو جۆرە بەخاکسپاردنانەدا، بەڕێزیان نوێژی مردوویان لەسەر دەخوێنێت، بەڵام لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە شەهیدان لە هۆڵی کۆنفرانسی ئیسلامیدا، بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڕێز موخبر میوانداری دەکات و  ئینشائەڵڵا بەشداربووان بە خزمەت بەڕێزیان دەگەن.
 
رووداو: بڕیار بوو سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، ئەو سەردانە چی بەسەر دێت؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: بەڕێز سەرۆککۆماری شەهیدمان بڕیار بوو سەردانی عێراق بکات. لە سەردانەکەی بەڕێز بارزانی بۆ تاران، بانگهێشتی بەڕیزیانی کرد و قبووڵی کرد سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، بۆیە ئامادەکاری بۆ سەردانەکە کرا، بڕیاربوو بەڕێزیان لە هەفتەی داهاتوودا بێن کە قەزا و قەدەر ئەوە بوو کە ئەم سەردانە نەکرێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم سەردانە لەلایەن بەڕێز موخبر دەکرێت یان نا، هێشتا لەو دۆخەدا نین کە پێشبینی بکەین، بەڵام بێگومان پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکە کە  سەردان و هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبێت و لە کاتی گونجاودا ئینشائەڵڵا لە کاتی بەڕێز موخبردا [سەردانەکە] رووبدات، یان دوای بەڕێزیان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ.
 
رووداو: ئەم رووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: بێگومان سیاسەتی بەڕێز د. رەئیسی و بەڕێز وەزیری دەرەوە، پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ درواسێکانمان بوو، ئەمە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی بەڕێز رەئیسی بوو و گرنگییەکی تایبەتی پێدەدا، بە تایبەتی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان. بەشی هەرە زۆری هاوسنووریی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و پەیوەندییەکی کۆن و کاریگەرمان پێکەوە هەیە، ئەو پەیوەندییانە رێکخراون و هیوادارین کە سەرپەرشتی نوێی وەزارەتی دەرەوە و سەرپەرشتی نوێی دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەر بەو شێوەیە بڕۆنە پێش و هەوڵبدەن ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت. پەیوەندیی ئێمە هەمووکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باش بووە، لەگەڵ عێراقیش بە هەمانشێوە، کە پەیوەدنییەکی رێکخراو و سەقامگیرە و هەوڵدەدەین ئەمە بەردەوام بێت.
 
رووداو: لە دوێنێوە هەواڵ و زانیاریی زۆر لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە هەیە. ئایا لای ئێران هیچ گومانێک لەبارەی رووداوەکە هەیە؟
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی: زانیارییە سەرەتاییەکان دەرخەری ئەوەن کە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا نیشتنەوەیەکی سەختی هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دڵنیا بینەوە لە شێوەی کارەساتەکە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی دەرکردووە لیژنەیەک پێکبهێنرێت و ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن کە فاکتەرە جیاجیاکانی ئەم بابەتە لەبەرچاو دەگرن و لە داهاتوودا ئەنجامەکەی بە گەلی خۆشەویستمان رادەگەیێنرێت.
 
رووداو: کێ یەکەمجار شوێنی فڕۆکەکەی دۆزییەوە؟ 
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی:  لایەنی سەرەکیی گەڕان، لیژنەی بەڕێز کۆلیوەند، بەرپرسی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران بوو. سەرجەم کارەکان کە لەم پەیوەندییەدا کران و لەژێر چاودێریی ئەودا بوون، بەگوێرەی قسەکانی بەڕێزیان، درۆنەکانی مانگی سوور توانیویانە شوێنەکە دەستنیشان بکەن.
 
رووداو: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ لە ماوەی 50 رۆژدا دەکرێت؟
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی: ئینشائەڵڵا لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن دەکرێت. لە ئێستاوە رێکارەکان گیراونەتەبەر و من ئەمڕۆ لەوبارەوە پەیامێکم پێگەیشت کە بۆ هەڵبژاردن ئامادەکاری بکەین، لە ئێستاوە دەستبەکار بوونە و ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
 
رووداو: ئایا رێگە دەدرێت ریفۆرمخواز و میانڕەوەکان بەربژێریان هەبێت؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی فرەلایەنە، هەر کامەیان بە جۆرێک هەوڵدەدەن ئەم مادەیەی دەستوور لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، رەنگە کێبڕکێ لەنێوان بەرەی جیاجیادا بکرێت و ئەوانە لە کاتی بەربژێربوون و ئامادەبوونی بەربژێران دیاری دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە کێ رێگە بدات و کێ رێگە نەدات، بەو شێوەیە نییە، کۆماری ئیسلامی خاوەن بڕیار و هێزە و هەڵبژاردنەکانی تاوەکو ئێستا یەک رۆژیش دوانەکەوتووە، لە 45 ساڵی رابردوودا هیچ هەڵبژاردنێکی کۆماری ئیسلامی یەک رۆژیش دوانەکەوتووە، بۆیە ئینشائەڵڵا ئەم جارەش لە کاتی خۆیدا دەکرێت و خەڵکیش بەباشی بەرەو پیری دەچن. 
 
 
رووداو: ستراتیژیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانتان چی بەسەر دێت؟
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی: ئەو ستراتیژییە بەو مانایە نەبوو کە  لەگەڵ وڵاتانی دیکە پەیوەندیمان نەبێت، نەخێر، ستراتیژیی بەڕێز رەئیسی ئەوە بوو کە پەیوەندیی لەپێشینەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت، ئەم سیاسەتە رێکخراوە و ئێستا کۆماری ئیسلامی جەختی لێ دەکاتەوە، ئینشائەڵڵا هەر ئەو سیاسەتەش دەگرینەبەر. 
 
رووداو: کاریگەریی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران چی بوو؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: بێگومان هەر سەردان و دیدارێک کاریگەریی تایبەتی خۆی دەبێت و سەردانەکەی بەڕێز بارزانی بۆ ئێران و پێشوازیی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی باڵادا، نیشاندەری پەیوەندیی دێرینی نێوانیانە و ئەم سەردانانە دەتوانێت بیرهێنەرەوەی پەیوەندییەکان بێت و پەرەیان پێبدات، هەروەها خاڵە ئەرێنیی و بەهێزەکانی زیاتر دەربخات. ئێمە هەر بەو شێوەیەی سەرۆکی هەرێم گوتی، لە سەرجەم ئاستەنگەکاندا لەگەڵ یەکدی بووینە و دەکرێ بەردەوامیش بین. هیوادارم لە داهاتووشدا ئەم پەیوەندییە بەردەوام و سەقامگیر بێت.
 
رووداو: تورکیا وا نیشانی دەدات کە ئەوان فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە، ئایا بەو شێوەیە بووە؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: ئێمە ئەو هەواڵەمان لە میدیا بیستووە، بەڵام بابەتێک کە بەڕێز کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سوور و بەرپرسی گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکە ئەمەی راگەیاندووە و ئێمە پشت بە قسەکانی ئەو دەبەستین. بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ قسەکانی بەڕێزیان.
 
رووداو: بۆچی دۆزینەوەی فڕۆکەکە ئەوەندەی خایاند؟
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و سەختی و شاخاویبوونی شوێنەکە و دارستان و تەمومژێکی خەست لە ناوچەکە، هاوکات بارانبارین و بەربڵاوبوونی ناوچەی رووداوەکە، هۆکار بوو  بۆ ئەوەی دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکە کات بوێت و تاوەکو کاژێر 05:00ـی بەیانی خایاند.
 
رووداو: بەڕێز رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر سوپاس کە لەگەڵمان بووی. 
 
نەسروڵڵا رەشنوودی: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش کە لەم چەند رۆژەدا زۆر ماندوو بوون و لە پرسەکەی ئێمەدا ئامادە بوون. زۆر سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە